شیرکەتی تورکیی «فوگۆ» کە خزمەتگوزاریی فڕۆکەخانەیی پێشکەش بە چەند شیرکەتێکی فڕۆکەوانیی سزادراوی ئێران دەکات، ڕایگەیاند کە بەهۆی سزاکانی ئەمریکاوە لە ڕۆژی دووشەممە ٩ی سەرماوەزەوە کۆتایی بە کارەکانی دەهێنێت.
بەپێی ڕاپۆرتی میدیاکانی تورکیە لە ڕۆژی هەینی ٦ی سەرماوەز، دەستەی بەڕێوەبەری ئەم شیرکەتە لە ڕاگەیەندراوێکدا کە ئاراستەی کارمەندەکانی کردووە، ئاماژەی بەوە داوە کە سزاکانی ئەمریکا بەردەوامبوونی کارەکانی فوگۆی ڕووبەڕووی کێشەی جیددی کردووەتەوە و لەم دۆخەی ئێستادا بەردەوامبوون لە کارکردن مەحاڵە.
وەزارەتی خەزێنەداریی ئەمریکا ڕۆژی ١٣ی خەزەڵوەر شیرکەتی فوگۆی بەهۆی پێشکەشکردنی خزمەتگوزاریی بە شیرکەتە فڕۆکەوانییە سزادراوەکانی ئێران، خستە پێڕستی سزاکانییەوە.
ئەم وەزارەتە ڕایگەیاندبوو کە فوگۆ گرێبەستی ڕاستەوخۆی لەگەڵ شەش شیرکەتی فڕۆکەوانیی «ئێران ئەیرتوور، ساها، سپێهران، وارش، تابان و ئاتا» هەیە و تەنیا چەند حەفتەیەک دوای سزادانی ئەو شیرکەتانە لە مانگی خەرماناندا، دەستی بە پێشکەشکردنی خزمەتگوزارییان کردووە.
سزادانی فوگۆ بەهۆی چالاکی لە کەرتی فڕۆکەوانیی ئابووریی ئێران، دەبێتە هۆی بلۆکەکردنی سامانەکانی ئەم شیرکەتە لەژێر دەسەڵاتی دادوەریی ئەمریکادا و قەدەغەکردنی مامەڵەکردنی هاووڵاتییانی ئەمریکایی لەگەڵیدا.
شیرکەتی فوگۆ کە حەوت ساڵە لە بواری خزمەتگوزارییە زەوینییەکانی فڕۆکەخانەکانی تورکیەدا کار دەکات، سزاکانی ئەمریکای بە «نادادپەروەرانە و نایاسایی» ناو بردووە و جەختی کردووەتەوە کە چالاکییەکانی بەپێی یاسا بازرگانییەکان و ڕێنماییەکانی فڕۆکەوانیی تورکیە بووە.