نرخی دۆلاری ئەمریکی لە بازاڕی ئازادی دراوی ئێراندا بە تۆمارکردنی ژمارەیەکی پێوانەیی نوێ، گەیشتە ٢٩٩ هەزار تمەن و هاوکات نرخی یەک پۆندی بریتانیش ٣٩٠ هەزار تمەنی تێپەڕاند.
ئەم هەڵکشانە خێرایە لەکاتێکدایە کە ڕۆژی یەکشەممەی ڕابردوو بەهای دۆلار لە دەوروبەری ٢٦٨ هەزار تمەن بوو، بەم شێوەیە لە ماوەی کەمتر لە حەفتەیەکدا نزیکەی ١١لەسەد و بە بەراورد لەگەڵ هەمان کاتی ساڵی ڕابردووش زیاتر لە ١٦٠ لەسە بەرز بووەتەوە.
لە یەکەم کاردانەوەدا بەرانبەر بە داڕمانی زیاتری نرخی تمەن، عەبدولناسر هێمەتی، سەرۆکی بانکی ناوەندیی ئێران، دانی بە قەیرانەکەدا نا و ڕایگەیاند: «وەستانەوە لە بەرانبەر بە گوشارە دەرەکییەکان تێچووی هەیە.» ناوبراو جارێکی دیکە بەڵێنەکانی پێشووی سەبارەت بە بوونی پاشەکەوتی دراو و دەستێوەردان لە بازاڕدا دووپات کردەوە.
پێشتر و لە سەرەتای مانگی خەرمانانی ئەمساڵدا، کاتێک نرخی دۆلار سنووری ٢٠٠ هەزار تمەنی تێپەڕاندبوو، سکات بێسێنت، وەزیری خەزێنەداریی ئەمریکا پێشبینیی ئەوەی کردبوو کە دۆلاری ٣٠٠ هەزار تمەنی بەڕێوەیە؛ لەو کاتەوە تا ئێستا بەهای دۆلار لە بازاڕەکانی ئێراندا نزیکەی لەسەدا ٤٥ بەرز بووەتەوە.
بەردەوامیی دابەزینی بەهای دراوی نیشتمانیی ئێران، جگە لە گرانکردنی تێچووی هاوردەکردنی کاڵا و کەرەستەی خاوی کارگەکان، شەپۆلێکی نوێی هەڵاوسان دروست دەکات و توانای کڕینی هاووڵاتییان لە ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە شێوەیەکی بەرچاو دادەبەزێنێت.