کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پارێزگای ورمێ پێویستی بە دروستکردنی ٩٢٧ قوتابخانەی نوێ هەیە

13:33 - 7 سەرماوەز 2726

بەڕێوەبەری گشتیی پەروەردە و بارهێنانی پارێزگای ورمێ لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، دانی بە کەمیی بەرچاوی بنکە و باڵەخانەکانی خوێندندا نا و ڕایگەیاند کە پارێزگاکە پێویستی بە دروستکردنی ٩٢٧ قوتابخانەی نوێ هەیە.

عەلی ئەکبەر سەمیمی، بەڕێوەبەری گشتیی پەروەردەی پارێزگای ورمێ، لە لێدوانێکدا بۆ ئاژانسی «ئیسنا» ئاماژەی بەوە دا کە بۆ پڕکردنەوەی ئەم کەمییە و باشترکردنی دۆخی فێربوون، پێویستییەکی زۆریان بە هاوکاری و پاڵپشتیی خێرخوازان هەیە. ناوبراو ڕایگەیاند کە لە کۆی ئەو ٩٢٧ قوتابخانەیەی پێویستن، تا ئێستا تەنیا بەردی بناغەی ٤١٩ قوتابخانە دانراوە و بانگەشەی ئەوەی کرد کە پلانیان هەیە لە ماوەی یەک ساڵی داهاتوودا کەمیی قوتابخانە لەو پارێزگایەدا نەهێڵن.

لەکاتێکدا بەرپرسانی پەروەردەی ئەو پارێزگایە باس لە نەهێشتنی کەمیی بینای خوێندن لە ماوەی یەک ساڵدا دەکەن، بەڵام لە هەمان لێدواندا ئاشکرایان کردووە کە لە کۆی ١٨٥ قوتابخانەی قورئانی کە لە سەرتاسەری ئێراندا کراونەتەوە، ٤٥ قوتابخانەیان لە پارێزگای ورمێ بووە؛ ئەمەش لەکاتێکدایە کە دەیان گوند و ناوچەی جیاوازی ئەو پارێزگایە هێشتا بەدەست نەبوونی قوتابخانەی ستاندارد، کۆنیی بیناکان و قەرەباڵغیی پۆلەکانی خوێندنەوە دەناڵێنن.