کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دابەزینی نرخی نەوت بۆ خوار ٩٤ دۆلار لە چوارەمین ڕۆژی بەدوای یەکدا

09:16 - 14 خەزەڵوەر 2726

نرخی نەوت لە ڕۆژی پنجشەممە ١٤ی خەزەڵووەر بۆ چوارەمین ڕۆژی بەدوای یەکدا دابەزی و نرخەکەی بۆ خوار ٩٤ دۆلار شکایەوە.

بەپێی ڕاپۆرتی هەواڵدەریی "ڕۆیتێرز"، نەوتی برێنت بە ٩٧ سێنت، واتە ١.٣٪ دابەزین، گەیشتە ٩٣ دۆلار و ٦٥ سێنت بۆ هەر بەرمیلێک.

نەوتی وێست تێکزاسی ئەمریکاش بە دابەزینی یەک دۆلار و ١٤ سێنت، کە دەكاتە ١.٢٩٪، بە ٨٦ دۆلار و ٩٨ سێنت مامەڵەی پێوە کرا.

هەردوو پێوەرەکە لە ڕۆژی چوارشەممەدا زیاتر لە ٨٪ تێکشکابوون و لە نزمترین ئاستی خۆیان لە ٩ی خەرمانان داخرا بوون.

حەفتەی ڕابردوو لە دوای پەرەسەندنی هێرشەکانی کۆماری ئیسلامی بۆ سەر نەوتهەڵگرەکان و بەئامانجگرتنی ناوەندە نەوتییەکانی عەرەبستان لەلایەن حووسییەکانەوە، نرخی نەوتی برێنت بۆ سەرووی ١١٧ دۆلار بەرز بووبووەوە.

نرخی نەوت لەم ڕۆژانەدا لە ژێر کاریگەریی هەواڵی ڕێککەوتنی ئەگەریی ڕووی لە دابەزین کردووە. دوو سەرچاوەی نزیک لە ناوەندە دەوڵەتییەکانی وڵاتانی کەنداو بە ڕۆیتێرزیان ڕاگەیاندووە کە دۆناڵد ترامپ لە بەرانبەر کۆنگرەی کۆنترۆڵکراو لەلایەن دێموکراتەکانەوە، مەیلی زیاتری بۆ ڕێککەوتن هەیە و ئەگەری هێرشی هەموولایەنە بۆ سەر ئێران کەم بووەتەوە. ئەم هەڵسەنگاندنە پێشبینیی بازاڕە و بە مانای هەڵوەشاندنەوەی یەکجارەکیی کردەوەی سەربازی نییە.

لەگەڵ ئەوەشدا، شارەزایان هۆشداری دەەن کە ناڕوونیی ڕێڕەوی دیپلۆماسی و کەمیی پاشەکەوتە ستراتێژییەکان دەتوانێت بەردەوامی بە هەڵکشان و داکشانەکان بدات.