کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ترامپ: ئەگەر کات بگەڕێتەوە دواوە، دیسانەوە فەرمانی هێرش کردنە سەر ئێران دەردەکەمەوە

09:45 - 14 خەزەڵوەر 2726

دۆناڵد ترامپ، سەرۆککۆماری ئەمریکا، ڕۆژی چوارشەممە ١٣ی خەزەڵوەر جەختی کردەوە کە سەرەڕای بەرزبوونەوەی کاتیی نرخی بەنزین و کاریگەریی شەڕ لەگەڵ کۆماری ئیسلامی لەسەر شکستی کۆماریخوازەکان لە هەڵبژاردنی ناوەندییەکاندا، جارێکی تر هەمان بڕیار دەداتەوە.

ناوبراو ئامانجی سەرەکیی ئەم هەنگاوەی بە ڕێگریکردن لە دەستپێڕاگەیشتنی کۆماری ئیسلامی بە چەکی ئەتۆمی ناو برد.

ترامپ لە وتووێژێکی ڕۆژنامەوانیدا لە کۆشکی سپی، بەرزبوونەوەی کاتیی نرخی بنزینی بە یەکێک لە دەرئەنجامەکانی ئۆپەراسیۆنی سەربازی زانی، بەڵام ڕایگەیاند کە ڕێگریکردن لە چەکی ئەتۆمیی ئێران بەهای ئەو تێچوونەی هەبووە.

ناوبراو هەروەها ڕایگەیاند کە پێشبینیی بەرزبوونەوەی نرخی نەوتی کردبوو، بەڵام هیچ بژاردەیەکی تری جگە لە هێرشی سەربازی لەبەر دەستدا نەبوو.

سەرۆککۆماری ئەمریکا سەبارەت بە دۆخی گەرووی هۆرمۆزیش وتی کە ئێستا ڕێژەیەکی زۆر لە نەوت بەو ئاوڕێگەیەدا تێپەڕ دەبێت، لە کاتێکدا لە سەرەتای پێکدادانەکاندا گواستنەوەی نەوت تووشی پچڕان ببوو.

ئەم لێدوانانە لە کاتێکدا دەدرێن کە دێموکراتەکان لە هەڵبژاردەی ١٢ی خەزەڵوەردا زۆرینەی هەردوو مەجلیسی کۆنگرەیان لە کۆماریخوازەکان وەرگرتەوە.