کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

نێتانیاهوو: کۆماری ئیسلامی لە دەرەوە و حیزبە ئیسلامییەکان لە نێوخۆوە مەترسین بۆ سەر ئیسرائیل

09:48 - 14 خەزەڵوەر 2726

بێنیامین نێتانیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل لە پەیامێکی ڤیدیۆییدا ڕایگەیاند کە ئیسلامی توندڕەو لە دەرەوە لە ڕێگەی کۆماری ئیسلامی و هێزە نیابەتییەکانی و لە نێوخۆشدا لە ڕێگەی حیزبە ئیسلامییەکانی پشتیوانی تێرۆریزم، مەترسی بۆ سەر ئیسرائیل دروست دەکەن.

نێتانیاهوو ئاماژەی بەوە کرد کە ئیسلامی توندڕەو خەریکی هەڵوەشاندنی وڵاتانی ئورووپایە و مەترسییەکی هاوشێوەش لەسەر ئیسرائیل هەیە.

ناوبراو زیادی کرد کە ئامانجی ئەم توندڕەوانە لەنێوبردنی ناسنامەی جوویی ئیسرائیل و لێسەندنی توانای بەرگرییە لە بەرانبەر دوژمناندا.

سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل بە ڕەخنەگرتن لە حیزبە چەپەکان ڕایگەیاند، کابینەیەک کە پشت بە حیزبە ئیسلامییەکان ببەستێت، نەک تەنیا ناتوانێت بەرەنگاری مەترسییەکان ببێتەوە، بەڵکوو لە نێوخۆوە وڵات تووشی داڕمان دەکات.

نێتانیاهوو هەروەها وتی تەنیا حکوومەتێکی نەتەوەیی بەرفراوان بە ڕێبەرایەتیی حیزبی "لیکوود" دەتوانێت بەگژ ئەم مەترسییانەدا بچێتەوە.

لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، نێتانیاهوو ئاماژەی بە گومانی بەهێز لەسەر دەستێوەردانی وڵاتانی بیانی لە هەڵبژاردنەکانی ئیسرائیلدا کرد لە ڕێگەی خەرجکردنی پارەیەکی زۆرەوە.