ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە نوێترین هەنگاویدا بۆ بە پادگانکردنی ژینگەی پەروەردە و پۆلی وانەوتنەوە و سەپاندنی ئیدیۆلۆژیی شەڕخوازانە بەسەر منداڵان بە هاوکاریی ناوەندە سەربازی و ئەمنییەکان، پڕۆژەی سەرتاسەریی حکوومەتیی «نەومەیدان»ی خستووەتە بواری جێبەجێکردنەوە.
بەپێی زانیارییەکان، وەزارەتی پەروەردەی ڕێژیم بە هاوکاریی ڕێکخراوی بەسیجی قوتابییان لەڕێگەی جێبەجێکردنی ئەم پڕۆژەیەوە، منداڵان و قوتابییان فێری کردنەوە و بەستنی چەک و فریاگوزاریی سەرەتایی دەکەن.
ئەم پڕۆژەیە قۆناغەکانی سەرەتایی، ناوەندیی و دواناوەندیی دەگرێتەوە و پێشبڕکێکانی لە سێ ئاستی شارستانی، پارێزگایی و سەرتاسەریدا بەڕێوە دەچن.
لێدوانەکانی بەرپرسانی بەسیج دەردەخەن کە ئەرکی «نەومەیدان» تەنیا بە پێشبڕکێ سنوردار نییە، بەڵکوو بەهێزکردنی کۆبوونەوە شەوانەکانی لایەنگرانی ڕێژیمیش یەکێکە لە ئامانجەکانیان.
سیاوەش موسلمی، سەرۆکی ڕێکخراوی بەسیجی قوتابییان، ڕایگەیاندووە کە بەڕێوەبەری قوتابخانەکان ناچارن قوتابییان لە گرووپی شەش کەسیدا ڕێک بخەن بۆ ئەوەی لەگەڵ بنەماڵەکانیان لە کۆبوونەوەکاندا بەشداری بکەن و لە بەرنامەکاندا ئاڵای ڕێژیم بەرز بکەنەوە.
عەلیڕەزا کازمی، وەزیری پەروەردە و بارهێنانی ڕێژیم قوتابخانەکان و مێشکی مێردمنداڵانی بە گۆڕەپانی ڕووبەڕووبوونەوەی «دوژمن» وەسف کردووە و قوتابییانی بە «فەرماندەکانی ئەم گۆڕەپانە» ناونووس کردووە.
شایانی باسە زانیارییەکان باس لەوە دەکەن کە لە شارە جیاوازەکانی ئێراندا گوشار خراوەتە سەر بنەماڵەی قوتابییان و هەڕەشەیان لێکراوە کە ئەگەر لەو بەرنامەیەدا بەشداریی چالاکانەیان نەبێت، ئەوا یان نومرەکانیان کەم دەکرێتەوە، یان دەرکرێن یان بە ناوەندە ئەمنییەکانیان دەناسێنن.
ئەم هەنگاوە نایاسایی و بەئەمنییەتیکردنی ژینگەی فێرکاری و خوێندنی قوتابییان، شەپۆلێکی نیگەرانیی قووڵی لەنێو بنەماڵەکاندا سەبارەت بە سەلامەتیی دەروونی و جەستەیی منداڵەکانیان دروست کردووە.
پێشتریش کانوونی سێنفیی مامۆستایان ڕوو لە بەرپرسانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی و کۆمەڵگەی مەدەنیی جیهانی داوای کۆتاییهێنان بە پادگانیکردنی ژینگەی پەروەردە و خوێندنیان کردبوو و هەروەها بە دژایەتی لەگەڵ یاسایی نێودەوڵەتیی مافی خوێندن و پەروەردەییان لەقەڵەم دابوو.