ئاماژە: کاک مستەفا مەولوودی، جێگری سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران وتووێژێکی لەگەڵ شێروان ئیبراهیم، پەیامنێری تۆڕی میدیایی «ئیرەم نیووز» (إرم نيوز) ئەنجام داوە و تەوەرە سەرەکییەکانی بریتین لەمانەی خوارەوە:
تەوەرەی یەکەم: هەڵوێستی حیزبی دێموکرات بەرامبەر بە کۆماری ئیسلامی
خەبات و هەڵوێستی حیزبی ئێمە، لە بنەڕەتدا بەرەنگاربوونەوەی سیاسەتە سەرکوتکەرەکانی کۆماری ئیسلامییە کە بەردەوام مافی مرۆڤ پێشێل دەکات و خەڵکی ئێران و بەتایبەت خەڵکی کوردستانی لە ئازادی، دێموکراسی و سەرەتاییترین مافە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکانیان بێبەش کردووە. لە بەرامبەردا، ئێمە تێدەکۆشین مافی دیاریکردنی چارەنووسی خەڵکی کوردستان لە چوارچێوەی فیدراڵیزمدا مسۆگەر بکەین.
ئەزموونمان لەگەڵ کۆماری ئیسلامی سەلماندوویەتی کە بە مانەوەی ئەم دەسەڵاتە، گەیشتن بەو مافانە مەحاڵە؛ هەر بۆیە کارکردن بۆ ڕووخاندنی ئەم ڕێژیمە و هێنانەکایەی دەسەڵاتێکی دێموکراتیکی فیدراڵ، بنەمای سەرەکیی ستراتیژی ئێمەیە. سیاسەتی ئێمە پێش شەڕی دوازدە ڕۆژە و چل ڕۆژە و لە کاتی شەڕەکەشدا هەر ئەمە بووە و هیچ گۆڕانێکی بەسەردا نەهاتووە؛ ئێستاش کە نە شەڕە و نە ئاشتی، هەر لەسەر هەمان هەڵوێست سوورین.
دەمەوێ ئەوە ڕوون بکەمەوە کە نە شەڕ، نە گەمارۆ و نە دۆخی «نە شەڕ و نە ئاشتی»، سیاسەتی ئێمەیان نەگۆڕیوە. لەسەر ئەو باوەڕەین تا ئەم ڕێژیمە نەڕووخێت، نە نەتەوەکانی ئێران بە ئازادی و مافە ڕەواکانیان دەگەن و نە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاستیش ئارامی و سەقامگیریی ڕاستەقینە بەخۆیەوە دەبینێت؛ تەنیا ڕووخانی ئەم ڕێژیمەیە کە دەرفەتی دامەزراندنی نیزامێکی دێموکراتیک دەڕەخسێنێت. لە لایەکی دیکەشەوە، پێمان وایە گوشارە دەرەکییەکان لە هەموو ڕوویەکەوە کۆماری ئیسلامی لاواز دەکەن؛ بەمەش دەرفەتی زیاتر بۆ چالاکیی سیاسی و مەدەنیی هێزەکان و بەهێزتربوونی خەباتی جەماوەریی خەڵک، بەتایبەت لە کوردستان، دێتە ئاراوە.
تەوەرەی دووهەم: ئەو هۆکارانەی زەمینەی ڕووخانی ڕێژیمیان تەواو ئامادە کردووە
پێمان وایە زەمینە و هەلومەرج بۆ ڕووخانی کۆماری ئیسلامی تەواو لەبار و ئامادەیە، ئەمەش بەهۆی ئەم پێنج هۆکارە سەرەکییەوە:
١. لەدەستدانی شەرعییەت: ڕێژیم لە لای جەماوەر بەتەواوی شەرعییەتی سیاسی و کۆمەڵایەتیی خۆی لەدەست داوە.
٢. قەیرانی قووڵ و چارەسەرنەکراو: کۆماری ئیسلامی لە سەرجەم بوارە سیاسی، ئابووری و کۆمەڵایەتییەکاندا تووشی قەیرانێکی ئەوەندە گەورە بووە کە دەربازبوون لێی، ئەگەر مەحاڵ نەبێت، لەوپەڕی دژواریدایە.
٣. کەلێنی قووڵی نێوان خەڵک و دەسەڵات: درزێکی گەورە کەوتووەتە نێوان خەڵک و دەزگاکانی دەسەڵاتەوە؛ متمانەی گشتی بەتەواوی نەماوە و خەڵک چاوەڕوانی دەرفەتێکن تا لە دژی ڕێژیم ڕاپەڕن.
٤. هاوڕایی وڵاتانی ناوچەکە: وڵاتانی ناوچەکە بۆیان دەرکەوتووە کە کۆماری ئیسلامی سەرچاوەی سەرەکیی نائارامییە لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاستدا و ئاسایش، ماف و بەرژەوەندییە سیاسی و ئابوورییەکانی ئەوانی خستووەتە مەترسییەوە؛ بۆیە ئاساییە هەوڵی نەهێشتنی ئەم دەسەڵاتە بدەن.
٥. بێئومێدبوونی زلهێزەکان: زلهێزە خاوەن بەرژەوەندییەکان لە ناوچەکەدا، گەیشتوونەتە ئەو باوەڕەی کە بە مانەوەی ئەم ڕێژیمە، بەرژەوەندییەکانیان ناپارێزرێت.
لەسەر ئەم بنەمایە، شانسی مانەوەی ئەم دەسەڵاتە لە هەموو کاتێک کەمتر بووەتەوە و دەرفەتی ڕووخانی زۆر زیاترە لە جاران.
تەوەرەی سێهەم: داهاتووی ئێران و چارەنووسی مافەکانی نەتەوەی کورد
ئەو نیگەرانییەی باسی دەکەن، تا ڕادەیەکی زۆر جێگای تێڕامانە. نەتەوەی کورد لەپێناو مافە ڕەواکانیدا خەبات دەکات و بۆ وەدەستهێنان و پاراستنیان کۆڵ نادات. ئەمەش بەوە دەکرێت کە ئێران ببێتە وڵاتێکی دێموکراتیک و دەسەڵاتێکی بەرپرسیار و وەڵامدەر بێتە سەر کار. بەداخەوە هێشتا ئاسۆی دێموکراسییەکی دامەزراو لە ئێراندا ناڕوونە، بەڵام دەبێ هەموو لایەک ئەو ڕاستییە بزانن کە نەتەوەی کورد هەرگیز دەستبەرداری مافەکانی نابێت؛ هەتا کورد و نەتەوەکانی دیکەش بە مافەکانیان نەگەن، نە دێموکراسی و ئارامی لە ئێراندا جێگیر دەبێت و نە بوار بۆ ئاوەدانی و پێشکەوتن دێتە ئاراوە.
کەواتە ئەرکی هەموو هێزە سیاسییەکانە بەرپرسانە بۆ دامەزراندنی حکوومەتێکی دێموکراتیک و پارێزەری مافی نەتەوەکان تێبکۆشن؛ چونکە لە قۆناغی دوای کۆماری ئیسلامیدا تەنیا دوو ڕێگا لەپێشە:
ڕێگای یەکەم: هێزە ئێرانییەکان بەو بڕوایە بگەن کە پێویستە سیستەمێکی دێموکراتیک دابمەزرێنن و بە فەرمی دان بە مافەکانی نەتەوەی کورددا بنێن و قبووڵی بکەن.
ڕێگای دووهەم: ئەگەر بژاردەی یەکەم نەیەتە دی، خەڵکی کوردستان دەستەوستان دانانیشێت، بەڵکوو بەو شێوازەی کە قۆناغ و سەردەمەکە دەخوازێت درێژە بە خەباتی خۆی دەدات تا سەرکەوتن؛ مێژووش سەلماندوویەتی کە لە قوربانیدان سڵ ناکاتەوە.
پێویستە لایەنە ئێرانییەکان ناکۆکییە نێوخۆییەکانیان لەسەر بنەمای دێموکراسی و ڕێزگرتن لە مافی یەکتر چارەسەر بکەن؛ دەنا هەموو خەڵکی ئێران سەرلەنوێ تووشی هەمان ئەو دەردەسەرییە دەبنەوە کە نزیکەی پەنجا ساڵە کۆماری ئیسلامی بەسەریاندا هێناویەتی و هیچ لایەنێکیش قازانجی لێ ناکات.
تەوەرەی چوارەم: جیاوازیی خەباتی نەتەوەی کورد لەگەڵ شەڕی ئەمریکا
خەباتی نەتەوەی کورد لەپێناو ویست و داخوازییە ڕەواکانیدا، خەباتێکی دێرین و ڕەسەنە و هیچ پەیوەندییەکی بە ململانێ و شەڕی وڵاتانی تر لە دژی تارانەوە نییە. خەباتی ئێمە بە دوو هۆکاری بنەڕەتی لە شەڕی هێزە دەرەکییەکان جیا دەبێتەوە:
١. لە ئامانجدا جیاوازن: ئامانجی خەباتی نەتەوەی کورد و حیزبی دێموکرات، دەستەبەرکردنی مافە سیاسی، نەتەوەیی، کۆمەڵایەتی و ئابوورییەکانی خەڵکی کوردستانە، لە کاتێکدا شەڕی وڵاتێکی وەک ئەمریکا تەنیا لەپێناو پاراستنی بەرژەوەندییە تایبەتەکانی خۆیدایە.
٢. لە ڕووی شێواز و ڕێکارەوە جیاوازن: خەباتی نەتەوەی کورد فرەڕەهەندە و سەرجەم بوارە سیاسی، کۆمەڵایەتی، کولتووری، ڕێکخراوەیی و مەدەنییەکان لەخۆ دەگرێت؛ تەنانەت خەباتی پێشمەرگانەش تایبەتمەندیی خۆی هەیە و لەگەڵ شەڕی سوپای ئەمریکا جیاوازە.
هاوکات لەبەر ئەوەی بارودۆخی ئێستا زۆر هەستیارە و چاوەڕوانیی گۆڕانکاری و پێکدادانی گەورە دەکرێت، ئەرکی هەر هێزێکی سیاسییە خۆی بۆ هەموو ئەگەرەکان ئامادە بکات تا دەرفەتەکان لە بەرژەوەندیی نەتەوەکەیدا بقۆزێتەوە. بەخۆشحاڵییەوە جەماوەری خەڵک، ئێمە و حیزبەکانی کورستان لەوپەڕی ئامادەییداین و بە وریاییەوە چاودێریی ڕەوتی ڕووداوەکان دەکەین.
تەوەرەی پێنجەم: پرسی سیاسیی کورد و مۆدێلی حوکمڕانی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان
کورد لە ئێراندا پێکهاتەیەکی سەرەکیی جوغرافیای ئەم وڵاتەیە؛ بە خاکێکی بەرفراوان و حەشیمەتێکی زیاتر لە دە ملیۆن کەس، سەنگ و قورساییەکی گەورەی لەسەر هاوکێشەکان هەیە. بۆیە خەبات دەکات تا کوردستان ببێتە خاوەنی دەسەڵاتی سیاسی و نەتەوەیی خۆی لە چوارچێوەی ئێرانێکی دێموکراتیکی فیدراڵدا. ئەمە هەم ویستی گشتیی نەتەوەی کوردە لە ئێران و هەم بەرنامە و دروشمی نەگۆڕی حیزبی دێموکراتە تا مافە نەتەوایەتییەکانی نەتەوەکەمان دەستەبەر بکرێن.
جگە لەمەش، ڕۆژهەڵاتی کوردستان خاوەنی تایبەتمەندیی خۆیەتی و پێگەیەکی «قائیم بە زات»ی هەیە؛ کەواتە نموونەی پارچەکانی دیکەی وەک باکوور یان ڕۆژاوا، لەگەڵ واقیعی ڕۆژهەڵات یەک ناگرنەوە و لەباری عەمەلییەوە ناگونجێن. ئەگەر بەراوردێک بکەین، مۆدێلی باشووری کوردستان لە عێراقدا گونجاوترین ئەزموونە کە لەگەڵ پێکهاتە، تایبەتمەندی و واقیعی سیاسی و کۆمەڵایەتیی ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا یەک دەگرێتەوە.
تەوەرەی شەشەم: ڕێککەوتنی ئەمنیی نێوان عێراق و ئێران و دۆخی بارەگاکان
هەر لەو کاتەدا کە باڵیۆزی ئێران لە بەغدا باسی لەوە کرد گوایە لەگەڵ عێراق لەسەر چۆنیەتیی هەڵسوکەوت لەگەڵ هێزەکانی ڕۆژهەڵات ڕێککەوتوون، وتەبێژی وەزارەتی بەرگریی عێراق دەستبەجێ ئەو قسانەی بەدرۆ خستەوە و ڕایگەیاند کە کۆبوونەوەکە تەنیا بۆ پرسی پاراستنی سنوورەکان بووە و هیچ بابەتێکی تر نەهاتووەتە گۆڕێ. جگە لەمەش، تا ئێستا هیچ لایەنێکی فەرمیی عێراقی یان حکوومەتی هەرێمی کوردستان پرسێکی ئاوایان لەگەڵ ئێمە باس نەکردووە.
وەک ئاگادارن، لە ساڵی ٢٠٢٣دا ڕێککەوتننامەیەکی ئەمنی لە نێوان عێراق و ئێراندا واژۆ کراوە. ئەوەندەی پەیوەندی بە حکوومەتی عێراق، حکوومەتی هەرێمی کوردستان و هێزە کوردییەکانەوە هەبووە، بە تەواوی جێبەجێ کراوە؛ لەو کاتەوە تا ئێستا هیچ پێشێلکارییەک لە سنوورەکانی هەرێمی کوردستان و عێراقەوە ڕووی نەداوە و خودی حکوومەتی عێراقیش تەواو پێوەی پابەند بووە. کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی، وڵاتانی ناوچەکە، بەغدا و هەولێریش زۆر باش دەزانن کە ئەوە تەنیا ڕێژیمی ئێرانە کە پابەندی بەڵێنەکانی نەبووە. کەواتە ئەو داواکارییانەی تاران دەیانورووژێنێت، بەپێی یاسا نێودەوڵەتییەکان ناڕەوا، نایاسایی و ناعەمەلین؛ جێبەجێ ناکرێن و ئێمەش هەرگیز قبووڵیان ناکەین.