ڕۆژنامەی "فاینەنشاڵ تایمز" ڕێککەوتنێکی نوێی چەکداری لە نێوان ڕووسیە و کۆماری ئیسلامیدا بۆ فڕۆشتنی ٩٠ مووشەکهاوێژی ڕێنماییکراوی ڕاگەیاند؛ ڕێککەوتنێک کە نیشاندەری بەردەوامیی هاوکارییە سەربازییەکانی مۆسکۆ و تارانە لە دۆخی ئاڵۆزییە ناوچەییەکان و شەڕی دواییدا.
بەپێی بەڵگەنامە درزپێکراوەکان، ئەم مووشەکهاوێژانە بۆ بەستن لەسەر هەلیکۆپتەر و کەڵکوەرگرتن لە مووشەکە ڕێنماییکراوەکانی LMUR دروست کراون.
داواکاریی ئەم کەرەستەیە لە بەڵگەنامەکانی پیشەسازیی بەرگریی ڕووسیەدا بۆ ساڵەکانی ٢٠٢٤ و ٢٠٢٥ تۆمار کراوە و کڕیارەکەی بە کۆدی "K-10" ناسێنراوە؛ کۆدێک کە لە بەڵگەنامەکانی دیکەدا ئاماژەیە بۆ ئێران.
بەم حاڵەشەوە، هێشتا ڕوون نییە ئایا ئەم کەرەستەیە ڕادەستی ئێران کراون یان نا. بڵاوبوونەوەی ئەم ڕاپۆرتە لە کاتێکدایە کە هاوکاریی چەکداریی تاران و مۆسکۆ، لەوانە لە بواری دڕۆن و سیستەمەکانی مووشەکیدا، لە ماوەی ساڵانی دواییدا پەرەی سەندووە.
ئەم ڕێککەوتنە جارێکی دیکە ڕۆڵی ڕووسیە لە بەهێزکردنی توانای سەربازیی کۆماری ئیسلامیدا دەخاتەوە بەر چاو.