هاوکات لەگەڵ پەرەسەندنی قەیرانی ئابووری و ئەگەریی هەڵایسانەوەی شەڕ، بەرپرسانی کۆماری ئیسلامیی ئێران شەپۆلێکی نوێی گوشار و سەرکوتیان بۆ سەر خوێندکارانی زانکۆ دەست پێ کردووە؛ بەجۆرێک کە دەیان خوێندکار لە زانکۆ جیاوازەکاندا ڕووبەڕووی بانگکردن بۆ کۆمیتەکانی ئینزیباتی، هەڵپەساردنی خوێندن، دەرکردن و هەڕەشەی ئەمنییەتی بوونەتەوە.
هەواڵدەریی "ئاسۆشێتدپرێس" لە ڕاپۆرتێکدا ئاشکرای کردووە کە دەزگا ئەمنییەتییەکانی ڕێژیم پاش خۆپیشاندانە سەرانسەرییەکانی بەفرانباری ساڵی ڕابردوو و توندبوونی ئاڵۆزییەکان لەگەڵ ئەمریکا، پرۆسەی ناسینەوە و سڕینەوەی نەیارانیان لە ناوەندەکانی خوێندندا خێراتر کردووەتەوە.
بەپێی زانیارییەکانی ئاسۆشێتدپرێس کە لە ڕێگەی پەیوەندی بە شەش خوێندکاری ناڕازی دەستی کەوتووە، بەرپرسانی کۆمیتە ئینزیباتییەکان کە نوێنەرانی ڕێبەر، حەراسەت، ئیتلاعات و بەسیجیان تێدا چالاکە، خوێندکارانیان لەژێر ئازاری دەروونیی قووڵدا ناچار کردووە لە هەڵوێستە سیاسییەکانیان پاشگەز ببەنەوە.
لە زانکۆی پیشەسازیی شەریف دۆسیە بۆ نزیکەی ٢٥٠ خوێندکار کراوەتەوە کە تا ئێستا ٤٠ کەسیان بانگ کراون و ۱۰ خوێندکاریش بەتەواوی دەرکراون.
هەروەها لە زانکۆکانی تاران و ئەمیرکەبیریش بەم دواییانە دەیان خوێندکار حوکمی دەرکردن و هەڵپەساردنیان بەسەردا سەپێندراوە.
ئەم هەنگاوانەی ڕێژیم هاوکات لەگەڵ لێدوانەکانی ئەحمەد عەلەمولهودا، پێشنوێژی هەینی مەشهەد بووە کە داوای لە بەرپرسانی زانکۆ کردبوو "کەسە سەرپێچیکارەکان" بناسنەوە تا ڕێگە لە گواستنەوەی گوشاری نێوخۆیی لە زانکۆوە بۆ سەرانسەری وڵات بگیرێت.
خوێندکاران جەخت دەکەنەوە کە کۆماری ئیسلامی دۆخی شەڕ و ئاڵۆزییە دەرەکییەکانی وەک دەرفەتێک بۆ ئاسانکاریی سەرکوت و ئەمنییەتیکردنی سەرجەم بەشەکانی کۆمەڵگە قۆستووەتەوە.
سەرەڕای سەپاندنی سزاکان، حیجابی زۆرەملێ و بڵاوکردنەوەی زانیاریی کەسی و تۆمەتی درۆ دژ بە خوێندکاران لە کاناڵەکانی بەسیجدا، لێژنە و شوڕا سەندیکاییەکانی خوێندکاران ڕایانگەیاندووە ئەم گوشارانە نیشانەی ترس لە گەڕانەوەی شەپۆلی نوێی ناڕەزایەتییەکانە.