کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕاپۆرتی نەتەوە یەکگرتووەکان: گیانلەدەستدانی لانیکەم ٢٢١ منداڵ لە ڕەوتی سەرکوتی ناڕەزایەتییەکانی ئێراندا تۆمار کراوە

09:25 - 10 خەزەڵوەر 2726

ئەندامێکی دەستەی سەربەخۆی دۆزینەوەی ڕاستییەکان سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان سەبارەت بە دۆخی مافی مرۆڤ لە ئێران، ڕایگەیاند کە ئەم دەستەیە تاوەکو ئێستا گیانلەدەستدانی لانیکەم ٢٢١ منداڵی لە ڕەوتی سەرکوتکردنی ناڕەزایەتییەکانی بەفرانباردا تۆمار کردووە؛ منداڵانێک کە تەمەنی بچووکترینیان تەنها چوار مانگ بووە.

ئەو ڕێپۆرتێرەی نەتەوە یەکگرتووەکان هەروەها هۆشداریی دا کە زیاتر لە ١٠٠ کەس، لەوانەش ژنان و منداڵان، لە پەیوەندی لەگەڵ ناڕەزایەتییەکاندا ڕووبەڕووی مەترسیی دەرکردن یان جێبەجێکردنی سزای لەسێدارەدان بوونەتەوە.

ڤیڤیانا کرێستیچویچ ڕۆژی چوارشەممە، ٦ی خەزەڵوەر، لە کۆبوونەوەی لیژنەی سێهەمی کۆڕی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکاندا، بە ئاماژەدان بە ئاستی بەرفراوانی سەرکوتکردنی ناڕەزایەتییەکان ڕایگەیاند بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی پێڕستێکیان بڵاو کردووەتەوە کە ناوی زیاتر لە سێ هەزار کەس لە گیانبەختکردووانی تێدایە، بەڵام هەڵسەنگاندنی دەستەی دۆزینەوەی ڕاستییەکان دەریدەخات کە ژمارەی ڕاستەقینەی قوربانییان زۆر زیاتر لە ئامارە فەرمییە ڕاگەیەندراوەکەیە.

ئەو بە ئاماژەدان بە شەپۆلی بەفراوانی دەسبەسەرکردنەکان زیادی کرد کە دەیان هەزار کەس لە ڕەوتی ناڕەزایەتییەکان و دوای ئەوە دەسبەسەر کراون و چەندین ڕاپۆرتمان سەبارەت بە ئەشکەنجەدان، هەڵسوکەوتی نەشیاو و پێشێلکردنی مافی دەسبەسەرکراوان پێگەیشتووە.

بە وتەی ناوبراو سەرکوتکردن تەنها سنووردار نەبووە بە کوشتن و دەسبەسەرکردن، بەڵکوو لەگەڵ دروستکردنی فەزای تۆقاندن، سنووردارکردنی پەیوەندییەکان و گوشارخستنە سەر بنەماڵەی قوربانییان بووە.

ئەو ڕێپۆرتێرەی نەتەوە یەکگرتووەکان جەختی لەوە کردەوە کە نزیکەی پێنج مانگ پچڕانی سەرتاسەریی ئێنتێرنێت و سنووردارکردنە چڕی پەیوەندییەکان، لەپاڵ نیگەرانیی شایەتحالەکان لە کردەوەی تۆڵەسەندنەوەی دەسەڵات، پرۆسەی کۆکردنەوەی زانیاری و بەڵگەدارکردنی حاڵەتەکانی پێشێلکردنی مافی مرۆڤی تووشی دژوارییەکی جیددی کردووەتەوە.

کرێستیچویچ لە بەشێکی تری قسەکانیدا ئاماژەی بە بەردەوامیی هەڵاواردنی پێکهاتەیی دژی ژنان و کچان لە ئێران کرد و وتی کەمینە نەتەوەیی و ئایینییەکان، لەوانە کورد، بەلووچ و بەهاییەکانیش، هێشتا بەهۆی شوناسی نەتەوەیی، سیاسی یان ئایینیی خۆیانەوە ڕووبەڕووی هەڵاواردن، سەرکوت و هەڵسوکەوتی ئەمنی دەبنەوە.

لە هەمان کۆبوونەوەدا، مای ساتۆ، هەواڵی لەسێدارەدانی لانیکەم ٣٤ کەسی لە پەیوەندی لەگەڵ ناڕەزایەتییەکانی بەفرانباردا ڕاگەیاند و نیگەرانیی خۆی سەبارەت بە توندبوونەوەی هەڵسوکەوتە ئەمنی و دادوەرییەکان لەگەڵ ناڕەزایەتییەرکان دەربڕی.