کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئاکسیۆس: ئەرتەشی ئەمریکا بۆ ئەگەری دەستپێکردنەوەی هێرشی بەرفراوان بۆ سەر ئێران ئامادەکاری دەکات

13:12 - 14 خەزەڵوەر 2726

ماڵپەڕی "ئاکسیۆس" لە ڕاپۆرتێکدا ڕایگەیاند کە ئەرتەشی ئەمریکا ئامادەکارییە سەربازییەکانی بۆ ئەگەری دەستپێکردنەوەی ئۆپەراسیۆنی بەرفراوان دژ بە کۆماری ئیسلامیی ئێران تەواو دەکات.

ئەم ڕێکارانە ڕەوانەکردنی کەرەستە و کەلوپەلی سەربازیی زیاتر بۆ ناوچەکە دەگرێتەوە، ئەگەرچی هێشتا فەرمانی کۆتایی بۆ هێرشکردن دەرنەکراوە و بڕیاری کۆتایی دۆنالد ترامپ ڕوون نییە.

هاوکات نێوبژیکارانی قەتەری هەوڵ دەدەن لە ڕێگەی دەستەبەرکردنی ڕەزامەندیی واشنگتۆن و تاران لەسەر ڕەشنووسی ڕێککەوتنێک، ڕێگە لە هەڵایسانەوەی شەڕێکی بەرفراوان بگرن.

بەپێی ئەو ڕاپۆرتە، پاش شکستی کۆماریخوازەکان لە هەڵبژاردنەکانی ناوەندیی کۆنگرەدا، ترامپ لە بەرانبەر سێ بژاردەدایە: "دەستپێکردنەوەی هێرشەکان، گەیشتن بە ڕێککەوتن، یان بەردەوامیدان بە گەمارۆی دەریایی و گوشارە ئابوورییەکان."

جەی‌دی ڤانس، جێگری سەرۆککۆمار، شەڕی ئێرانی بە هۆکاری سەرەکیی شکستی پارتەکەی زانیوە. ترامپ لە وەڵامدا وتی شیکارییەکە تا ئاستێک ڕاستە چونکە شەڕ نرخی سووتەمەنیی بەرز کردووەتەوە، بەڵام داکۆکی لە بڕیارەکەی کرد و جەختی لەوە کردەوە کە نابێت ڕێگە بە دەستڕاگەیشتنی تاران بە چەکی ئەتۆمی بدرێت.

لە ناو کۆشکی سپیدا بەرەیەک بە سەرکردایەتیی ڤانس خوازیاری ڕێککەوتن و کۆتاییهێنان بە شەڕن و نێتانیاهۆ بە هەڵسەنگاندنی هەڵە تۆمەتبار دەکەن. لە بەرانبەردا، بەرپرسانی وەک سەرۆکی CIA و وەزیری خەزێنەداری داوای دەرفەت بۆ گەمارۆی دەریایی دەکەن.

هاوکات دانوستاندنەکانی قەتەر بەردەوامن، بەڵام ئەگەر کۆماری ئیسلامی ئامادەی سازش نەبێت یان ئەنجامی هەڵبژاردنەکان بە دەروازەی بەرزکردنەوەی داواکارییەکانی بزانیت، گەیشتن بە ڕێککەوتن ئاڵۆزتر دەبێت.

لەم دۆخەدا ئامادەکاریی سەربازیی ئەمریکا هاوتا لەگەڵ دیپلۆماسی و گوشاری ئابووری بەرەو پێش دەچێت.