کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

داوای فەرانسە له‌ ئاژانس بۆ دانه‌وه‌ی ڕاپۆرتی وردو دەقیق له‌سه‌ر چالاکیی ناوكیی ئێران

05:35 - 10 سەرماوەز 2715

لە بەرەبەری گرتنی یەكێك لە گرینگترین كۆبوونەوەكانی شووڕای حوكکامی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمیی لە بابەت ئێران‌دا، وەزارەتی دەرەوەی فەرانسە پێداگری كردەوە كە پێویستە ئاژانس چۆنیەتیی هه‌ر هه‌موو چالاكییە ناوكییەكانی ئێران لە ڕابردوودا، ئاشکرا بکا. كۆبوونەوەی شوورای حوككامی ئاژانس كە بڕیارە بەم زووانە بگیرێ، دەتوانێ كاریگەرییەكی زۆر لەسەر جێبەجێ‌كران یان دواخرانی ڕێككەوتنی ئەتۆمیی ئێران لەگەڵ زلهێزە جیهانییەكان دابنێ. بەپێی ڕاپۆرتی هەواڵدەریی ڕۆیتێرز، "رومن نادال"، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی فەرانسە، داوای بڵاوكرانەوەی ڕاپۆرتێكی پوخت‌و هه‌مه‌گیر لە لایەن ئاژانسەوە بووەو داوای ئاشکراکردنی هەموو ئەم زانیارییانەی كردووە كە پێوەندییان بە بەرنامەی ناوكیی ئێران لە ڕابردوودا هه‌یه‌. ئەم داوایەی فەرانسە لە حاڵێكدا هاتۆتە ئاراوە كە كاربەدەستانی پلەبەرزی ئێران، وەك وەزیری دەرەوەو جێگرەكەی‌و هەروەها بەڕێوەبەری شوورای بەرزی ئەمنیەتی میللی، لەم ڕۆژانەی دوایی‌دا پێداگرییان كردوە كە دەبێ ئاژانس پەروەندەی ڕابردووی چالاكییە ناوكییەكانی ئێران بە تەواوی دابخا. عەلی شەمخانی بەڕێوەبەری شوورای بەرزی ئەمنیەتی میللی‌و عەبباس عێراقچی سەرۆكی هەیئەتی جێبەجێكاری ئێران بپ ڕێککه‌وتن له‌گه‌ڵ وڵاتانی ١+٥ لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا گوتوویانە که‌ بێتوو ئەم پەروەندەیە دانەخرێ، ئێرانیش پێملی جێبەجێ كردنی ڕێککه‌وتنه‌که‌ نابێ. ئەم ڕاپۆرتەی كە قەرارە بە لانی زۆرەوە تا ڕۆژی چوارشەممە بە شوورای حوككامی ئاژانس بدرێتەوە، شوێنكاری گرینگ لەسەر چارەنووسی ڕێککه‌وتنی ئه‌تومیی ئێران دادەنێ. شایانی باسە ئەگەر یەكێك لە ئەندامانی شوورای حوككام، بۆ نموونە فەرانسە، لە ڕاپۆرتی ئاژانس لە بابەت "پی ئێم دی" ڕازی نەبن، لەوانەیە دەسپێكی جێبەجێ‌كرانی دوایین ڕێككەوتنی ناوكیی ئێران‌و زلهێزە جیهانییەكان كە لە مانگی پووشپەڕی ڕابردوودا پێی گەیشتن، بە شێوەیەكی زۆر جیددی دوا بخرێ.