کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کاردانەوەی وڵاتان سەبارەت بە دانانی پزشکییان وەک سەرۆککۆماری ڕێژیم

12:10 - 17 پووشپەڕ 2724

پاش تەواوبوونی شانۆی هەڵبژاردنەکانی کۆماری ئیسلامی و دەستنیشانکردنی پزشکییان بۆ سەرۆککۆماری، زۆربەی وڵاتان بەتایبەتی وڵاتانی دەوروبەری ئێران وێڕای چین و ڕووسیە پەیامی پیرۆزبایی خۆیان ئاراستەی پزشکییان کردووە.

شی جین پینگ سەرۆککۆماری چین لە پەیامێکدا ڕایگەیاندووە کە خوازیاری هاوکاریکردن لەگەڵ پزشکییانە و زیادی کردووە کە هاوبەشیی ستراتێژیک و گشتگیر دەتوانێت پێکەن و تاران بەرەو پێشکەوتنێکی قووڵتر ببات.

ڤێلادێمیر پووتین سەرۆککۆماری ڕووسیە لە پەیامی پیرۆزبایی خۆی بۆ پزشکییان ڕایگەیاندووە، هیوادارە کە ئەم ئاڵوگۆڕە ببێتە هۆی گەشەدان بە پێوەندییەکانی دوو وڵات.

پووتین زیادی کردووە کە هیوادارە لە سەردەمی سەرۆککۆماریی پزشکییاندا هاوکارییەکانی دوولایەنەی مۆسکۆ و تاران بەهێزتر ببێت.

جیا لەم دوو وڵاتە زۆربەی سەرۆکانی وڵاتانی دەوروبەری ئێران بە ناردنی پەیامێک پیرۆزباییان لە مەسعوود پزشکییان کردووە.

محەممەد بن سەلمان شازادەی جێنشینی عەرەبستان، بەشار ئەسەد سەرۆککۆماری سووریە، ئێلهام عەلیۆف سەرۆککۆماری ئازەربایجان و هەروەها سەرۆکانی وڵاتانی ئێمارات، هێند، پاکستان و عێراق هەر یەک لە پەیامێکدا وێڕای پیرۆزبایی خۆیان لە پزشکییان، ئامادەیی خۆیان سەبارەت بە گەشەدانی پێوەندییەکانیان لەگەڵ دەوڵەتی چواردەیەمی کۆماری ئیسلامی ڕاگەیاندووە.

لەلایەکی دیکەوە وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا بە ئاماژەدان بەوەی کە هەڵبژاردنەکان لە کۆماری ئیسلامیدا ئازاد و دادپەروەرانە نییە ڕایگەیاندووە کە ئاکامی وەها هەڵبژاردنێک کاریگەرییەکی لە سەر سیاسەتەکانی ئەمریکا لەهەمبەر ئێراندا نابێت.

شایانی باسە کە پزشکییان لە کاتی بانگەشەی هەڵبژاردنەکاندا و پێش دەستنیشانکردنی بۆ سەرۆککۆماری، ڕایگەیاندبوو کە سیاسەتەکانی عەلی خامنەیی لە دەوڵەتەکەیدا هێڵی سوور دەبێت.