کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لە ڕێوڕەسمێکدا پەردە لەسەر کتێبی ''از کرمانشاهان تا کرمانشاە'' لادرا

11:58 - 17 پووشپەڕ 2724

ڕێوڕەسمی پەردەلادان لە کتێبی "از کرمانشاهان تا کرمانشاە" بەرهەمی دوکتورمحەممەد باقر پیری ڕۆژی چوارشەممە لە شاری کرماشان بەڕێوە چوو.

ئەم ڕێوڕەسەمە بەبەشداریی بەرچاوی خەڵکی ئەوینداری مێژوو و کەلتوری کوردی لە شارەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان هەروەها بەشێکی بەرچاو لە نووسەران، لێکۆڵەران و شاعێرانی ناوداری کورد بەڕێوە چوو.

لەم کۆڕەدا مامۆستا ئەردەشیر کەشاوەرز مێژوونوسی ناوداری کورد وەکوو وتاربێژی ئەم کۆڕە جەختی کردە سەر گرینگیی کتێبی "از کرمانشاهان تا کرمانشاە" کە بریتییە لە هەژدە وتووێژ لەگەڵ ناودارانی کرماشان و حەوت وتاری لەسەر مێژوو و کەلتوور و ڕۆڵ و گرینگی کرماشان لە ئاست ئێران و کوردستاندا.

ناوبراو هەروەها ئاماژەی بە هەوڵ و تێکۆشانی نووسەری کتێبەکە کرد کە نزیک بە سی ساڵە لە دەورانی مێرمنداڵی تا ئێستا لەسەر شوناس، مێژوو و کەلتووری کوردی لە کرماشاندا دەنوسێت و دەتوانم بڵێم یەکەمین غەیرە کرماشانییە کە لەسەر کرماشان دەستی بە نووسین کردووە و تا ئێستاش بەردەوامە و جێگای خۆیەتی ئێمەش قەدرزانی هەوڵ و تێکۆشانە بەرچاوەکانی بین.

دواتر دوکتور محەممەدباقر پیری وتارەکەی خۆی لە چوار بەشدا پێشکەش بە ئامادەبووان کرد کە بریتی بوون لە کرماشان لە دەورەی باستاندا، کرماشان لە دوای هاتنی دینی ئیسلام بۆ ئێران و ڕۆڵی کرماشان لە مێژووی هاوچەرخدا و هەروەها  نەخش و ڕۆڵی ڕادیۆ کوردیی کرماشان لە بزووتنەوەی شوناسخوازیی کورددا.