کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا: دەنگدان لە ئێراندا گۆڕانکاریی بنەڕەتی درووست ناکات و ئەوەش کاریگەریی لەسەر ڕوانگه‌ی ئێمە نابێ

11:49 - 17 پووشپەڕ 2724

سەرلەبەیانیی ڕۆژی شەممە ١٦ی پووشپەڕ دوابەدوای ڕاگەیاندنی ناوی مەسعوود پزشکییان وەک سەرۆککۆماری نوێی کۆماری ئیسلامی، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا جەختی لەوە کردەوە کە هەڵبژاردن لە ڕێژیمی ئێراندا ئازاد و دادپەروەرانە نییە و ئەنجامەکەی هیچ کاریگەرییەکی لەسەر کار و چالاکی و هەڵوێستی واشنگتۆن بەرانبەر بە ئێران نابێ.

هەروەها ئەو وتەبێژە ڕایگەیاند کە پێشبینی ناکەین ئەم هەڵبژاردنانە ببێتە هۆی گۆڕانکاریی بنەڕەتی لە ئێران، یان ڕێزگرتنی زیاتر لە مافی مرۆڤی و مافی هاووڵاتییان و جەختی لەوە کردەوە کە خودی بەربژێرەکانیش وتوویانە کە سیاسەتی کۆماری ئیسلامیی ئێران لەلایەن ڕێبەرەوە کە عەلی خامنەییە دیاری دەکرێت.

 ناوبراو باسی لەوە کرد کە هەڵبژاردنەکانی ئەم دواییە کاریگەرییەکی بەرچاوی لەسەر ڕوانگەی واشنگتۆن بەرامبەر تاران نابێت و نیگەرانییەکانی ئەمریکا سەبارەت بە هەڵسوکەوتی ڕێژیمه ئێران وەکوو خۆی دەمێنێتەوە و لە هەمان کاتدا ئێمە پابەند دەبین بەو دیپلۆماسییەی کە بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا بەرەوپێش دەبات.

هەروەها ناوبراو وتی کە ئەو هەڵبژاردنە بە هیچ شێوازێک دادپەروەرانە نەبوو و بەشێکی هەرە زۆر و بەرچاوی خەڵکی ئێران خۆیان بڕیاریان دابوو کە لە دەنگداندا بەشداری نەکەن.

لەحاڵێکدا بەپێی ئامار و ڕاپرسییە فەرمی و نافەرمییەکان دەرکەوت کە زیاتر لە نیوەی هاووڵاتییان کە مافی دەنگدانیان هەیە ڕایانگەیاندبوو کە بەشداری لە شانۆی هەڵبژاردنەکان ناکەن هەروەها لە لایەکی دیکەوە لە ڕۆژی هەڵبژاردندا بەپێی گێڕانەوەی ئەو ڕۆژنامەنووس و هەواڵنێرانەی کە لە نزیکەوە سەردانی بنکەکانی دەنگدانیان كردبوو ڕێژەی بەشدارینەکردنی خەڵک و چۆڵبوونی بنکەکان لەوپەڕی خۆیدا بووه‌، بەڵام ڕێژیمی ئێران لە هه‌مان كاتدا ئیدیعای ئەوەی کردووە کە  نزیکەی ٥٠لەسەدی  خەڵک بەشدارییان لە هەڵبژاردنەکاندا کردووە.