کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کاردانەوەی رێژیمی ئێران بە گیرانی دوو تێرۆریستەکەی سەر بەو وڵاتە لە کێنیا

15:05 - 10 سەرماوەز 2715

ڕێژیمی ئێران ڕەتی دەکاتەوە کە ٢ تێرۆریستە گیراوەکەی کینیا هیچ پەیوەندییەکیان بەو وڵاتەوە هەبێ. پاش تێپەڕ بوونی دوو ڕۆژ بە سەر هەواڵی دەستبەرسەر کرانی دوو کەس لە وڵاتی کینیا بە تاوانی ئەنجامدانی کاری تێرۆریستی‌و پەیوەندی ئەو دوو کەسە بە باڵوێزخانەی ئێران لەو وڵاتە، وەزارەتی دەرەوەی ڕژیمی ئیسلامی لە بەیاننامەیەک‌دا هەرچەشنە پەیوەندییەکی ئەو دوو کەسەی بە ئێرانەوە ڕەت کردووەتەوە. لەو بەیاننامەی وەزارەتی دەرەوەی ئێراندا هاتووە کە ئەوان ئامادەن بۆ ڕوون بوونەوەی زیاتر سەبارەت بەو کێشەیە هاوکاری کاربەدەستانی کینیا بکەن. ئەو بەیاننامەی وەزارەتی دەرەوەی ئێران لە کاتێک‌دا بڵاو دەبێتەوە کە پۆلیسی کینیا دەڵێ کە بەڵگەی حاشا هەڵنەگریان سەبارەت بە پەیوەندیی ئەو دوو کەسە بە ئێرانەوە لە بەر دەست دایە. هەر لەو پەیوەندییە دا" جۆزیف بوینت"ی سەرۆکی پۆلیسی کینیا ڕۆژی شەممە ٢٨ی نۆڤامبر لە کۆنفڕانسێکی ڕۆژنامەنووسی‌دا ڕایگەیاند کە پۆلیسی ئەو وڵاتە دوو کەسیان بە ناوەکانی " ئەبووبەکر سدیق‌لو تەمەن ٦٩ ساڵە و یاسین سامبای جوما تەمەن ٢٥ ساڵ بە تاوانی ئامادەکاری بۆ کردەوەی تێرۆریستی دەستبەسەر کردووە. سەرۆکی پۆلیسی کینیا دەڵێ ئەو دوو کەسە ماوەیەکی دوور و درێژ لە ژێر چاوەدێری بوون و پۆلیسی کێنیا بەڵگەی تەواوی لە بەردەستدایە کە چەندین جار چوونەتە ئێران و لەوێش لەگەڵ ڕایەڵەکی سیخوڕی و کاری تێرۆریستی کە سەر بە داودەزگا سیخوڕییەکانی ئێران پەیوەندییان گرتووە. بە قسەی سەرۆکی پۆلیسی کینیا کارە پێ‌سپێردراوەکانی ئەو گرووپە ئەنجامدانی کردەوەی تێرۆریستی‌و نانەوەی ئاژاوە و پشێوی بووە و ئەو کارانەش جگە لەوەی کە زیانێکی زۆری بە بەرژەوەندی وڵاتانی ڕۆژئاوایی دەگەیاند، هاوکات زیانێکی قەربوو نەکراوەشی بۆ خەڵکی ئەو وڵاتە بە دوای خۆی‌دا دێنا. پێویست بە ئاماژەیە کە لە ماوەی چەندین ساڵ تەمەنی ڕژیمی ئیسلامی ئێراندا، دەیان گرووپی تێرۆریستی لە وڵاتانی ئەفریقایی گیراون کە راستەوخۆ پەیوەندییان بە سپای پاسدارانی ئێرانەوە هەبوو و تەنانەت چەندین وەجبە چەک و تەقەمەنی کە لە ئێرانەوە بۆ تاقم و گرووپە تێرۆریستییەکانی سەر بە ئەو وڵاتە نێردرابوون دەستیان بە سەر دا گیراوە.