کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

جۆن كێری: تەنیا چەند ڕۆژ بۆ جێبەجێكردنی ڕێککەوتنی ئەتومی ماوە

07:15 - 19 بەفرانبار 2715

وەزیری دەرەوەی ئامریكا دەڵێ، جێبەجێكردنی ڕەسمیی مادەكانی رێککەوتنی ئەتومی بۆ چارەسەری قەیرانی ناوكیی ئێران هەتا چەند ڕۆژی دیكە دەست پێ‌دەكا. بە چوونە قۆناغی جێبەجێكردنی ئەم ریککەوتنە بەڕەسمی گەمارۆی ناوكیی ئێران هەڵدەوەشێتەوەو بە دەیان میلیارد دۆلار لە داراییەكانی ئێران كە تا ئێستا ڕاگیرابوون ئازاد دەكرێ. بەپێی ڕاپۆرتی هەواڵدەریی ڕۆیتێرز، لە ڕێككەوتنی گشتگیری وتووێژە چڕوپڕەكانی نێوان ئێران‌و گرووپی ٥+١، ڕێككەوتێكی ڕوون و دیاریكراو بۆ دەسپێكی جێبەجێكردنی بەرجام دیاری نەكرابوو، بەڵام بە پێی هاوئاهەنگییەكان‌و سەلماندنی ئێران بەوەی کە پێبەندی بەڵێنییەكانی لە پێوەندیی بەرنامەی ناوكی بووە، قەرارە لە ڕۆژە سەرەتاییەكانی ساڵی نوێ بە ڕەسمی دەست پێ بكا. جۆن كێری ڕایگەیاند كە ئەگەر هەموو شتێك بە لەباری بڕواتە پێش جێبەجێكردنی ئەم ڕێككەوتنە مێژووییە زۆر خێرا دەبێ. وەزیری دەرەوەی ئامریكا هەروەها گوتبووی ڕۆژی پێجشەممەی حەوتووی ڕابردوو لەگەڵ جەواد زەریف لەمبارەیەوە وتووێژی كردوە. بەپێی قسەكانی ناوبراو، وەزیری دەرەوەی ئێران لە وتووێژێكی تەلەفوونی‌دا ناوبراوی دڵنیا كردۆتەوە كە كۆماری ئیسلامی پێبەندی بەڵێنییەكانی خۆی لە هەمبەر بەرنامەی ناوكیی وڵاتەكەیەتی بۆ ئەوەی كە بە خێرایی ئەم ڕێككەوتنە جێبەجێ بكرێ. جۆن كێری پشتڕاستی كردەوە كە ئامریكا موو بە موو بەدواداچوون بۆ بەڵێنییەكانی ئێران لە پێوەندی لەگەڵ بەرجام دەكاو جگە لەمەش فشار بۆ ئێران دێنێ كە هاووڵاتییانی ئامریكایی لە ئێران بەندكراون ئازاد بكا.