کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕەخنەی هەواڵنێرانی بێ سنوور لە گیرانی ڕۆژنامەنووسان لە ئێران لە بەرەبەری هەڵبژاردنەکان‌دا

13:44 - 20 بەفرانبار 2715

ڕێكخراوی ڕاپۆرتنێرانی بێ سنوور بە ئاماژە بە دەسبەسەركرانی ٥ ڕۆژنامەنووس‌و داخرانی ڕژنامەی بەهار ناڕەزایەتیی دەربڕی و گوتی كاربەدەستانی كۆماری ئیسلامی " بە سەركوت و پێشگرتن، بانگران و دەسبەسەركردنی ڕۆژنامەنووسان و ڕاگرتنی میدیاكان" بەرەوپیلی هەڵبژاردنی مەجلیس‌و مەجلیسی خوبرەگانی ڕێبەری دەچن. ئەم ڕێكخراوە بە بڵاوكردنەوەی ڕاگەیەندراوێك لە وێب سایتی خۆیان‌دا دەڵێن عیسا سەحەرخیز، بەڕێوەبەرو بەرپرسی پێشووی چەندین بڵاڤۆك، ئێحسان مازەندەرانی، بەڕێوەبەرو بەرپرسی فەرهیخەگان، ئافەرین چیتساز، نووسەر لە ڕۆژنامەی ئێران و سامان سەفەرزایی، هاوكاری بڵاڤۆكی ئەندیشەی پوویا، لە ڕۆژی ١١ مانگی خەزەڵوەر دەسبەسەر كراون‌و تا ئێستاش چارەنووسیان ناڕوونە. ڕێكخراوی ڕاپۆرتنێرانی بێ سنوور هەروەها دەڵێ ڕۆژی ١٣ بەفرانبار، فەرزاد پوورمورادی، هاوكاری هێندێك لە میدیاكانی كرماشان وەك "كرماشان پۆست" و "نەوای وەقت" لە ماڵی خۆی لە كرماشان پاش پشكنینی ماڵەكەی و كۆمپیوتێرو كەلوپەلە تایبەتییەكانیان لەگەڵ خۆیان بردو خۆشیان دەسبەسەر كردوە. ڕێكخراوی ڕاپۆرتنێرانی بێ سنوور هەروەها ڕایگەیاند كە بەپێی زانیارییەكان، كۆمەڵێك لە ڕۆژنامەنووسانیش "لە لایەن ئیتلاعاتی سپا بانگ كران و لێكۆڵینەوەیان لێ كراو تەنانەت هەڕەشەشیان لێ كردوون" و هەروەها، "هێندێك لەوانە ماوەیەك دەسبەسەر كرابوون." ڕێكخراوی ڕاپۆرتنێرانی بێ سنوور وێڕای ئاماژە بە ڕاگرتنی ڕۆژنامەی بەهار وەبیری هێنایەوە كە ئێران لە نێوان ١٨٠ وڵات، لە پلەبەندیی جیهانیی بواری ئازاردیی ڕاگەیاندن لە ئاستی ١٧٣مین وڵاتانی جیهان دایە كە هەر ئێستا ٣٧ ڕۆژنامەنووس و هەواڵنێر لە زیندانەكانی ئێران دان.