کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

زۆربەی پاڵاوگەكانی ئێران زەرەریان پترە لە قازانج

06:00 - 21 بەفرانبار 2715

بە دابەزینی نرخی نەوت‌و زۆر بوونی ئاستی بەرهەم‌هێنانی نەوتی كوورە، لە ئێستادا زۆربەی پاڵاوگەكانی نەوتی ئێران زەرەریان پترە لە قازانج‌و، بەڕای زۆربەی بەرپرسانی وەزارەتی نەوت، بێتوو دەوڵەت پشتیوانی لێ نەكا تووشی شكستی یەكجاری دەبێ. لە بارودۆخی ئێستادا ئێران لە بواری بارستایی پاڵاوتنی نەوتەوە لە پلەی یازدەیەم دایە، لە بابەت بێنزینەوە لە پلەی نۆیەم‌و بۆ گازۆئیلیش لە ئاستی جیهان‌دا پلەی سێزدەیەمی بۆ تەرخان كراوە، بەڵام لە بواری بەرهەم‌هێنانی نەوته‌ ڕه‌شه‌، ئێران وەك گەورەترین وڵاتی بەرهەمهێنەری ئەم بەرهەمە نەوتی‌یە لە جیهان دایە. لە لایەكی دیكەوە هاوكات لەگەڵ دابەزینی ئازادی نرخی جیهانیی نەوت بۆ هەر بۆشكەیەك ژێر ٣٥ دۆلار، زۆر بوونی ئاستی بەرهەم‌هێنانی بەرهەم گەلێكی وەك نەوتی كوورەوە بۆتە "پاشنە ئاشیلی" پاڵاوگە كۆنەكانی نەوتی ئەم وڵاتە، بە جۆرێك كە جگە لە پاڵاوگەكانی نەوتی شازەندی ئەراك، سەرجەم پاڵاوگە نەوتی‌یەكانی ئەم وڵاتە که‌وتوونه‌ زیان‌و ده‌سخه‌ڕۆیی ‌و تەنانەت هێندێك لەوان ئەگەر لە لایەن دەوڵەتەوە پشتگیرییان لێ نەكرێ یه‌کجێ وەرشكست دەبن. عەبباس كازمی، بەڕێوەبەری گشتیی شیركەتی میللیی پاڵاوتن‌و فرۆشتنی بەرهەمە نەوتی‌یەكان وێڕای پشتڕاست‌كردنەوەی زیاندەربوونی زۆربەی پاڵاوگە نەوتی‌یەكانی ئێران گوتی: هۆكاری زەرەردانی ئەم پاڵاوگە نەوتی‌یانەی ئێران بەرهەم‌هێنانی مازووت بە ڕێژەیەكی زۆرەو هیچ پێوەندییەكی بە دابەزینی نرخی نەوتی خاو نییە. كازمی هەروەها لە بابەت ئەگەری كۆكرانەوەی پاڵاوگەكانی نەوتی كرماشان لە داهاتوویەكی نزیك‌دا، ڕوونی كردەوە كە، چونكی پاڵاوگەی كرماشان بچووكەو زیاتر لە ١٥ تا ٢٠ هەزار بۆشكە نەوت بەرهەم ناهێنێ، بۆوەی نابێ ئاڵوگۆڕی بەسەردا بێنن هەر بۆیە لە بیری دامەزراندنی پاڵاوگەی ئاناهیتا لە كرماشان دان.