کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دابەزینەوەی نرخی نەوت لە بازاڕی جیهانی‌دا

04:49 - 23 بەفرانبار 2715

لە ماوەی ١٢ ساڵی ڕابردوودا تا ئێستا نرخی نەوت گەیشتۆتە نزمترین ئاستی خۆی، بە واتایەكی دیكە لە ئێستادا نرخی هەر بۆشكە نەوت كەمتر لە ٣٢ دۆلارە. چاوەدێران هه‌روه‌ها چاوەڕوانی دوورەدیمەنێكی باش بۆ بازاڕی جیهانیی نەوت ناكەن‌و بەپێی پێشبینییەكان ئەگەری ئەوە لە ئارا دایە نرخی نەوت بگاتە بۆشكەی٢٠ دۆلاریش. ڕەوتی دابەزینی نرخی نەوت لە حاڵێك‌دا هەروا درێژەی هەیە كە لە حەوتووی ڕابردووش‌دا نرخی نەوت تا ئاستی سەدی ١٠ دابەزیبوو. بەپێی ڕاپۆرتی هەواڵدەریی فەرانسە، لە حاڵی حازردا چاوه‌دێرانی بازاڕی جیهانیی نەوت چاوەڕوانی بەرز بوونەوەی نرخی ئەم كاڵایە نین‌و پێشبینی دەكرێ نرخی نەوت هەروا بۆ كەمترین ئاستی ساڵانی ڕابردوو لە كەمی بدا. بەردەوام بوونی چڕ بوونەوەی گرژیی نێوان ئێران‌و عەرەبستان لە ڕۆژانی ڕابردوودا كە لە سەرەتادا گران بوونی نرخی نەوتی لێ كەوتبۆوە، بۆتە هۆی ئەوەی كە دوورەدیمەنێكی ڕوون بۆ ڕێككەوتن لەسەر دابەزینی ئاستی بەرهەم هێنانی نەوتی ئەندامانی ئۆپێك بەدی نەكرێ. ئێران‌و عەرەبستان وەك دوو ئەندامی كاریگەری ڕێكخراوی وڵاتانی بەرهەم هێنەری نەوت له ‌ئۆپێك لە بابەت گۆڕانی بڕی به‌رهه‌مهێنانی نەوتی ئەندامانی ئەم ڕێكخراوە جیاوازیی بیروڕایان هەیە. عەرەبستان بە پێچەوانەی ئێران نایهەوێ ئاستی بەرهەم‌هێنانی نەوتی خۆی كەم بكاتەوەو ئەم مەسەلە لە هۆكارەكانی دابەزینی نرخی نەوت لە بازارە جیهانییەكانە.