کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

گیرانی ٢١ که‌س له‌ زانکۆکانی تورکیه‌ بەهۆی ئیمزاكردنی بەیاننامەی پشتیوانی لە كوردەكان

03:38 - 26 بەفرانبار 2715

هێزە ئەمنیەتی‌یەكانی توركیە بە هۆی ئیمزاكردنی بەیاننامەی دەست‌پێكردنەوەی دانووستانەكانی ئاشتی لەگەڵ هێزە كوردی‌یەكانی ئەم وڵاتە، ٢١ که‌س له‌ مامۆستایانی زانکۆی ئه‌و وڵاته‌یان دەستبەسەر كردووە. زۆربەی ئەم كەسانەی كە دەستبەسەر كراون لە زانكۆی قوجائیلی لە نزیك ئیستانبول بوون. لەم بەیاننامەیەدا كە ئەم كەسانە ئیمزایان كردووە، ڕەخنە لە چۆنیەتیی هەڵسوكەوت‌و شێوه‌ی ڕه‌فتاری حكومەتی توركیە لەگەڵ كوردەكانی ئەم وڵاتە گیراوە. ئه‌م که‌سانه‌ دەوڵەتی توركیەیان بەوە تاونبار كردوە كە لە بەرامبەر كوردەكان‌دا "سیاسەتی لەنێو بردن‌و دوورخرانەوە"یان به‌سه‌ر کورده‌کان‌دا سه‌پاندوه‌. ئەم خوێندكارانە داوایان لە كاربەدەستان كردوە تا كۆتایی بە "كوشت‌و كوشتاری لەپێش‌دا داڕێژراو و دوورخستنەوەی كوردەكان‌و باقی خەڵكی ئەم وڵاتە" بێنن. واژۆكارانی ئەم بەیاننامەیە هەروەها داوای كۆتایی‌هێنان بە حكومەت نیزامی لە باكووری كوردستان بوون كە لەم وڵاتە هەڵكەوتوە. زیاتر لە ١٠٠٠ كەس ئەم بەیاننامەیان ئیمزا كردوەو ناوی "نوام چامسكی" ڕووناكبیری چەپی ئامریكاییش لە نێو ئه‌و که‌سانه‌دا دەبیندرێ. ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەركۆماری توركیە‌و ئەحمەد داود ئۆغڵوو سەرۆك وەزیری ئەم وڵاتە، ئه‌وانه‌ی ئەم بەیاننامەیان ئیمزا کردوه‌ بە لایەنگری كردن لە تێرۆریسم تاوانبار كردوە. پاش ئەوانیش ناوەندە ئەمنیەتی‌یەكانی توركیە دەستیان بە لێكۆڵینەوە لە بابەت ئەم بەیاننامەیە كردوەو بەدواداچوون بۆ ئەم كەسانە دەكەن كە ئیمزایان كردوە. جێی باسە زیاتر لە ١٢٠٠ خوێندكارو مامۆستای زانکۆ لە ٩٠ زانكۆی توركیە بەوە تاوانبار كراون كە لە ڕێگەی ئیمزاكردنی ئەم بەیاننامەیەوە سووكایەتییان بە حكوومەتی توركیە كردوە.