کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بڕینی یارانەی نەغدی لە ٣ میلیۆن كەسی دیكە له‌ ئێران

04:24 - 26 بەفرانبار 2715

وەزارەتی كار بڕیاری داوە یارانەی نەغدی لەم كەسانە ببڕێ كە تەمەنیان لە ١٨ ساڵ بۆ سەرەوەیە و كارتی میللی‌یان نییە. لە حاڵێك‌دا وەزارەتی كار باس لە بڕینی یارانە لەم خەڵكە دەكا كە بەپێی دوایین ئاماری ڕێكخراوی سەبتی ئەحواڵ، ژماره‌ی ئه‌وانه‌ی ته‌مه‌نیان سه‌روو ١٨ ساڵه‌و کارتی میلی‌یان وه‌رنه‌گرتوه‌، پتر له‌ ٣ میلیۆن كەسه‌. بەپێی قانوونی بوودجەی ساڵی ٩٤ی سەرتاسەری وڵات، دەوڵەت ئەم ئەركەی خستبووە سەر شانی وەزارەتی تەعاون، كارو خۆشبژێویی كۆمەڵایەتی كە لە ماوەی ئەمساڵ‌دا یارانەی نەغدی لە ٦ میلیۆن كەس ببڕێ كە پێی وایە داهاتیان زۆرە. بەپێی ئاماری ڕەسمی تا ئێستا ناوی زیاتر لە ٣ میلیۆن كەس لەم لیستە سڕدراوەتەوەو ئەگەر ئەم ٣ میلیۆن كەسەی دیكەش لەم لیستە ڕەش بكرێنەوە، ئەم بەندەی قانوون بە تەواوی جێبەجی دەكرێ. لە لایەكی دیكەوە لە حاڵی حازردا ئەگەر خەڵك خاوەنی خانووبەرەیەكی ٥٠ میتریش بن ئەوا بەڕای دەوڵەت به‌ خه‌ڵکی زۆر داده‌نرێ‌و له‌ ڕوانگه‌ی ده‌وڵه‌ته‌وه‌ پێویستی‌یان بە وەرگرتنی یارانە نیە! هەروەها دەوڵەت بۆ جێبەجی كردنی قانوونی ئامانجدار كردنی یارانەكان‌و بڕینی به‌ شێنه‌یی یارانه‌کان له‌ خه‌ڵک، سیاسەتی بێدەنگی، ئاشکراکردنی بەرەبەرەی زانیارییەكان‌و سڕینەوەی بێ هه‌ست‌و هەرای ناوی یارانەوەرگرەكانی گرتۆتە بەر. جێی باسە بەپێی بەڵگەكان دەركەوتووە كە هەوڵی دەوڵەت بۆ بڕینی یارانە لە خەڵك، تەنیا كەسانی پڕداهات ناگرێتەوە، بەڵكوو زۆربەی چین‌و توێژە مام ناوەندی و تەنانەت هەژار و كەم داهاتەكانیش وەبەر ئەم قانوونە كەوتوون.