کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

چوونە قۆناغی جێبەجێکردنی ڕێککەوتننامەی ئەتومیی ئێران‌و هەڵگیرانی گەمارۆکان

13:43 - 27 بەفرانبار 2715

دوای ئەوەی ئاژانسی ئەتومی ڕەزامەندیی خۆی لە بردنە سەرێی بەڵێنەکانی ئێران ڕاگەیاند، گەمارۆکانی سەر ئێران هەڵگیران. یوکیا ئامانۆ، بەڕێوەبەری گشتیی ئاژانسی نێودەوڵەتیی ئەتومی ڕایگەیاند کە ئێران هەموو هەنگاوەکان بۆ جێبەجێکردنی ڕێککەوتنی ئەتومیی هەڵگرتوەو بەمجۆرە چوارچێوەکانی هەڵگیرانی گەمارۆکانی دژی ئێران چووە بواری جێبەجێ‌کردنەوە. دوای خوێندنەوەی بەیاننامەی ئاژانس، ئێران‌و نوێنەرانی یەکیەتیی ئورووپاو ئەمریکا لەسەر لابردنی گەمارۆ نێودەوڵەتییەکان‌و گەمارۆ یەکلایەنەکانی ئەمریکاو ئورووپا لە دژی ئێران رێککەوتن. لۆران فابیوس، وەزیری دەرەوەی فەڕانسە وێڕای پێشوازی لە دەسپێکی چوونە قۆناغی جێبەجێکردنی ڕێککەوتنەکە، هیوای خواستوە کە ئێران لە سەر پرسەکانی دیکەی ناوچەش هاوکاریی کۆمەڵگای جیهانی بکاو بەمجۆرە بێتە پێشێ. جان کێری، وەزیری دەرەوەی ئەمریکاش دەڵێ: ئەوەی کە ئێران لە سەر بەڵێنەکانی مایەوە جێی ڕەزامەندیمانە، ئێمە درێژە بەو ڕەوتە دەدەین بەڵام بە وردیش ئاگامان لە هەموو قۆناغەکانی ئەو رێکەوتنە دەبێ تا دڵنیا بین ئێران لە سەر هەموو بەڵێنەکانی سوورە. باڕاک ئۆباما، سەرۆک کۆماری ئەمریکاش چەند دەقە دوای پشتڕاست‌کرانەوەی هەنگاوەکانی ئێران لەلایەن ئاژانس، بڕیاری هەڵوەشانەوەی گەمارۆکانی سەر ئێرانی ئیمزا کرد. هەڵگیرانی گەمارۆکان لە هەنگاوی یەکەم‌دا بە مانای ئازادکردن‌و گەڕانەوەی زیاتر لە ١٠٠ میلیار دۆلار لە داراییە دەست بەسەرداگیراوەکانی ئێران لە دەرەوەی وڵاتە.