کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێكخستنی بوودجەی ساڵی ٩٥ لەسەر بنەمای نەوت به‌ نرخی بۆشکه‌ی٤٠ دۆلار

06:03 - 28 بەفرانبار 2715

بە جێبەجێكردنی "بەرجام" و هەڵوەشاندنەوەی گەمارۆكانی دژی ئێران، حەسەن ڕۆحانی بوودجەی ساڵی ١٣٩٥ و بەرنامەی شەشەمی گەشەی بۆ مەجلیس نارد. غۆڵامڕەزا كاتب، وتەبێژی كۆمیسیۆنی بەرنامە و بوودجەی مەجلیس ڕایگەیاند كە كە ئاستی گشتیی بوودجەی ساڵی ٩٥ بڕی ٩٥٢ هەزار میلیارد تمەن مەزندە كردوە. ئەوەی جێی سرنجە، دەوڵەت بوودجەی ساڵی داهاتووی لەسەر بنەمای نرخی نه‌وت بۆ هەر بۆشكەی ٤٠ دۆلار داڕشتووە. چاوه‌دێرانی سیاسی ده‌ڵێن هاتنەدیی دوو پێشمەرج بۆ پێشگرتن بە كەسریی بوودجەی ساڵی داهاتوو پێویستە: سەرەتا ئەوەی كە ئێران ڕۆژانە ٢ میلیۆن و ٢٥٠ هەزار بۆشكە نەوتی خاو بفرۆشێ‌و دووهەم ئەوەی كە نرخی هەر بۆشكەیە نەوت لە خوار ٤٠ دۆلار نەفرۆشترێ. نرخی دۆلاریش لە هەڵسەنگاندنەكانی بوودجەی ساڵی داهاتوو نزیك بە ٢ هەزارو ٩٩٧ تمەن لەبەر چاو گیراوە. بەڵام نرخی ئێستا نەوت لە بازاڕەكانی جیهان پێچەوانەی هەڵسەنگاندنەكانی دەوڵەتی ئابووریی حەسەن ڕۆحانی‌یە. تەنانەت مەزندەی ئەوە دەكرێ كە بە بەرزبوونەوەی هەناردەی نەوتی ئێران نرخی نەوت لە بازاڕەكانی جیهان دابەزێ. پێویست بە گوتنە كە هەر ئێستا نرخی نەوتی دەریای شمال لە ژێر ٣٠ دۆلار فرۆشتراوە. نرخی نەوتی ئۆپێكیش لە ڕۆژی هەینیی ڕابردوو بە نزیك ٢٥ دۆلار لە بازاڕەكانی نەوت فرۆشترا. بەپێی لایەحەی بوودجەی ساڵی ٩٥ پشكی هێزە چەكدارەكان لەچاو ساڵی ڕابردوو بەگشتی نزیك بە ١٢٠٠ میلیارد تمەن كەم كراوەتەوە. لە بەراورد دەتوانین ببینین كە پشكی وەزارەتی بەرگریی، ستادی هاوبەشی ئەرتەش، بەسیج و ستادی فەرماندەیی گشتیی هێزە چەكدارەكان بەرزبۆتەوەو تەنیا بوودجەی ستادی هاوبەشی سپا بڕی ٢٨٠٠ میلیارد تمەن كەم كراوەتەوە. شایانی باسە كە بوودجەی سپای پاسداران لە ساڵی ١٣٩٤ بە زیاتر لە ١٧ هەزار میلیارد تمەن زیاتر لە ٣ بەرابەر بوودجەی ئەرتەش بووەو بۆ ساڵی داهاتووش سەرەڕای دابەزینی بوودجەی ئەم هێزە تیرۆریستە هێشتا ٢ بەرابەری بوودجەی ئەرتەشی ئێرانی دراوه‌تێ.