![](/files/sndoqiiidandan.jpg)
دوای ئەوەی شورای نیگەهبان سەڵاحیەتی هەزاران بەربژێری لە ئاستی ئێرانو لەوانە سەدان کەسایەتیی چالاکی کورد لە رۆژهەڵاتی کوردستانی بۆ بەشداری لە کێبەرکێی هەڵبژاردنەکانی مەجلیس رەد کردەوە، ئهو بابهته نارەزایەتیی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستانو ئێرانی لێ کەوتۆتەوە.
بە پێی ئەو زانیاریانەی بە ناوەندی هەواڵی کوردستانو کورد گەیشتون، لە کۆی ١٠٥٩ کەس لە چوار پارێزگای کوردستان کە خۆیان بۆ کاندیداتۆریی مەجلیس کاندید کردبوو، سەڵاحیەتی ٦٨٤ کەس رەد کرایەوە. ئەوەش لە حاڵێک دایە کە پێشتریش لە لایەن لێژنەکانی پارێزگاکانهوه سەڵاحیەتی ١٢٥ کەس لەو چوار پارێزگایە رەد کرابوونەوە.
ئاستی رەد کردنەوەی کاندیداتۆرەکانی مەجلیس لە لایەن شورای نیگەهبانەوە بە ڕادەیەکە کە لە لایەن چاوەدێرانی سیاسیی نێوخۆی ئێرانیشەوە بە بێ وێنە ناو دهبرێ، بە جۆرێک کە سهدی ٩٩ی ریفۆرمخوازەکان لە ئاستی سەراسەریی ئێراندا رەد کراونەتەوەو لە کۆی هەزاران بەربژێر، تەنیا سەڵاحیەتی ٣٠ کەسیان پەسند کراوە.
لە کوردستانو لە ناو لیستی رەد کراوەکاندا ناوی زۆربەی هەرە زۆری کەسایەتییە ناسراوەکان بەرچاو دەکەونو لە ئاستی سەرجەم حەوزەکانی هەڵبژاردندا کەسانی ناسراو و جێ باوەڕی خەڵک رێگای کاندیدابوونیان پێ نەدراوە. لە حەوزەی هەڵبژاردنی میاندواو- ساینقەڵا - تیکاب تاکە یەک کاندیدی کورد رێی خۆ کاندید کردنی پێ نەدراوەو لە حەوزەی هەڵبژاردنی ورمێش کەمترین دەرەتان بۆ کوردەکان ماوەتەوە. هاوکات لە ناو رەد کراوەکاندا ٥٠ نوێنەری ئێستای مەجلیسیش دەبیندرێن کە بەشی حەوزە جۆراوجۆرەکانی کوردستان لەو رەدکردنەوەیە لانیکەم ٧ نوێنەری ئێستای مەجلیسە.
پێشگیریی مەجلیسی شورای نیگەهبان لە کاندیدبوونی کەسانی جێ متمانەی خەڵک لە شارەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان، ناڕەزایەتیی خەڵک و چالاکانی مەدەنی لەم دۆخە سەپێندراوە زیاتر بووە. بەوەش دۆخی ئەمنیەتیی سەپاو بە سەر ئەو شارانە زیاتر بووە و هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامی خۆیان بۆ رووبەڕوو بوونەوەی ئەگەری سەرهەڵدانی ناڕەزایەتیی گشتی ئامادە کردوە.