![](/files/hassanrohaniiii.jpg)
حەسەن ڕووحانی، سەرۆک کۆماری ئێران لە سمینارێکدا لە ژێر ناوی " جێبەجێ کردنی بەرجام، وەرزێکی نوێی لە ئابووری ئێران دا"، کە ڕۆژی سێشەممە ٢٩ی بەفرانبار لە تاران بۆی ڕێکخرا بوو، چەندین خاڵی گرینگی سەبارەت بە ڕەوتی وتووێژی ئەتومیی نێوان ئێرانو وڵاتانی ڕۆژئاوا ئاشكرا کرد.
ناوبراو لە سەرتای قسەکانیدا باسی لە وەرگرتنەوە پەروەندەی ئەتۆمیی ئێران لە شۆڕای بەرزی ئەمنییەتی میللیو ڕادەست کردنی بە وەزارەتی دەرەوە، کرد و گوتی: ئەو هەنگاوەی ئێمە پەیامیکی ڕوون بوو بۆ هەموو لایەک کە پەروەندەی ناوکیی ئێران کێشەیەکی ئەمنیەتی نیەو دەبێ بە ڕێکاری سیاسی چارەسەر بکرێ.
ناوبراو لە درێژەی قسەکانیدا بە بێ ناو هێنانی لە ئیسڕائیلو عەرەبستانی سعوودی، باسی لە هەوڵی بەردەوامی کاربەدەستانی ئەو وڵاتانە بۆ شکست پێهێنانی وتووێژە ناوەکییەکان کرد، هاوکات هێرشی کردە سەر وڵاتانی موسڵمانی دراوسێی ئێرانو گوتی هێندێک لە دراوسێکانی ئێران پوڵێکی زۆریان خەرج کرد بۆ بێ ئاکام بوونی وتووێژە ناوەکییەکانی نێوان ئێرانو ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ناوەکی.
ڕۆحانی هاوکات باسی لەو کەسانەی کرد کە لە نێوخۆی ئێران دا دژ بە وتووێژەکان بوونو تۆوی دودڵیان دەچاندو دەیانگووت ئێران هەرکاتێک وتووێژی کردوە فریویان داوە، بۆیە ئەمجارەش هەر وەک جارانی پێشوو دەبێ. ڕوحانی ڕوو بەو کەسانە کە بە " دلواپسان" ناویان دێنن، گوتی: ئەو کەسانە تەنیا ڕێگە چارەیان لە شەڕو بە گژداچوونەوە لەگەڵ ئەمریکادا دەبینی و جگە لە شەڕ و ماڵوێرانی بیریان لە هیچی دیکە نەدەکردەوە.
سەرۆک کۆماری ئێران لە کۆتایی قسەکانیدا باسی لە بارودۆخی خراپی ئابووری وڵاتەکەی کردو گوتی: ئێران بۆ نۆژەنکردنەوە و بینات نانەوەی ئابووریی خۆی پێویستی بە ٥٠ میلیارد دۆلار سەرمایە دانانی وڵاتانی دەرەوە هەیە. حکومەت بە نیازە تاکۆتایی ساڵی ١٣٩٥ی هەتاوی پاکانە حساب لەگەڵ هەموو بازرگان و بانک و کۆمپانیاکانی کەرتی تایبەت بکات.