کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

عەڕەبستان تێرۆری رێبه‌رانی حیزبی دێموکڕات به‌ ده‌ستی ئێرانی بیر هێنایه‌وه‌

20:08 - 30 بەفرانبار 2715

وەزارەتی دەرەوەی عەڕەبستان جینایەتەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران، لەوانە تیرۆری رێبەرانی حیزبی دێموکرات وەبیر دێنێتەوە. لە درێژەی ناکۆکی‌یەکانی نێوان کۆماری ئیسلامیی ئێران‌و عەرەبستانی سعودی، وەزارەتی دەرەوەی عەڕەبستان لیستێکی درێژی لە تاوان‌و جینایەتەکانی کۆماری ئیسلامی لە ئاستی نێونەتەوەیی‌دا وەبیر هێناوەتەوەو وەک بەڵگەکانی پشتیوانیی ئێران لە تیرۆریسم، بڵاوی کردۆتەوە. بڵاوکراوەکەی وەزارەتی دەرەوەی عەرەبستان ٥٨ کردەوەی تیرۆریستیی کۆماری ئیسلامی ئێران لە ماوەی ٣٥ ساڵ تەمەنی ئەم رێژیمەی لە خۆ گرتوەو لە ناویان‌دا باس لە دوو جینایەتی "ڤیەن"‌و "بێرلین"‌یش کراوە. بە پێی خاڵی ١٦ی بڵاوکراوەکەی وەزارەتی دەرەوەی عەرەبستان، رێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە ساڵی ١٩٨٩ دوکتور عەبدوڕەحمانی قاسملوو، سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستان‌و کاک عەبدوڵڵا قادری ئازەری لە شاری ڤیەن تیرۆر کرد. هەروەها ئاماژە بە تیرۆری دوکتور سادقی شەرەفکەندی‌و هاوڕێیانی کاک فەتاح عەبدولی، کاک هومایونی ئەردەڵان‌و نوری دێهکوردی لە ساڵی ١٩٩٢ لە ریستورانی میکونوسی بێرلین کراوە. لە خاڵی ١٩ی بەڵگەنامەکەش‌دا باس لە بڕیاری دادگای فیدراڵی ئاڵمان سەبارەت بە جینایەتی میکونوس کراوە کە تێی‌دا حوکمی دەستبەسەرکرانی عەلی فەلاحیان، وەزیری ئەو کاتی ئیتلاعات بە تاوانی پلان داڕشتن‌و چاوەدێری بە سەر بەڕێوەچوونی ئەو کردەوە تیرۆریستیەی داوه‌.