![](/files/bikary.jpg)
له ماوه‌ی سێ مانگی پاییزی ئه‌مساڵ‌دا ٣٥٦ هه‌زار هه‌لی کاریی دیکه‌ش له ئێران له کیس چوون.
ئه‌گه‌رچی ناوه‌ندی ئاماری ئێران‌و ده‌وڵه‌تی حه‌سه‌ن ڕۆحانی ڕایانگه‌یاندبوو كه له ٣ مانگی پاییزی ئه‌مساڵ‌دا نرخی بێكاری دابه‌زیوه، به‌ڵام هه‌واڵده‌ریی مێهر به‌پێی به‌ڵگه‌كان‌و دوایین داتاكانی ناوه‌ندی ئاماری ئێران ده‌ڵێ كه به هۆی دابه‌زینی چالاكی‌یه‌كانی ئابووریی ئێران له‌م ماوه‌یه‌دا ٣٦٥٠٠٠ كه‌س به بێكارانی ئێرانه‌وه زیاد بووه.
به‌پێی ڕاپۆرتی مێهر له مه‌ودای نێوان هاوین تا پاییزی ئه‌مساڵ ٤٤٥ هه‌زارو ٦٣٣ كه‌س له حه‌شیمه‌تی چالاكی ئابووریی ئێران كه‌م بۆته‌وه‌و له‌م ڕێژه‌یه ٣٥٦ هه‌زارو ٨٩٧ كه‌س کاره‌کانیان له ده‌ست داوه‌و ٨٨ هه‌زارو ٧٣٦ كه‌سیش به‌دوای كاردا ده‌گه‌ڕێن. به واتایه‌كی دیكه له مه‌ودای یه‌ك وه‌رزدا ٣٥٦ هه‌زار كه‌س شوغڵه‌كانیان له ده‌ست داوه‌و به بێكاره‌كانی ئێران زیاد بووه.
به‌پێی ئه‌م ڕاپۆرته له وه‌رزه دیاریكراوه‌دا كۆی گشتیی ئه‌و كه‌سانه‌ی كه له ئاستی ئێران‌دا كاریان بووه ٢٢ میلیۆن‌و ٤٠٣ هه‌زارو ٦٣٠ كه‌س له هاوینی ڕابردوودا بۆ ٢٢ میلیۆن و ٤٦ هه‌زارو ٧٣٣ كه‌س دابه‌زیوه. هه‌ر له‌م ماوه‌یه‌دا له كۆی گشتیی شوغڵه‌كان له كه‌رتی وه‌رزێری له ٤ میلیۆن و ٢٩٦ هه‌زار كه‌س بۆ ٣ میلیۆن و ٨٨١ هه‌زار كه‌س دابه‌زیوه كه به واتایه‌كی دیكه له كه‌رتی وه‌رزێری ٤١٥ هه‌زار شوغڵ فه‌وتاوه.
هاوكات نرخی بێكاریی لاوانی ١٥ تا ٢٤ ساڵ كه گرینگ‌ترین گرووپی خوازیارانی كار له ئێرانه له پاییزی ئه‌مساڵ گه‌یشته سه‌دی ٢٦ كه له‌م به‌ینه‌دا نرخی بێكاری له نێو پیاو سه‌دی ٢٢ و نرخی بێكاری له نێو ژناندا سه‌دی ٤٠ بووه.