کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێکاری نوێی شوڕای ئەمنیەت بەدژی بەرنامەی مووشەكیی ئێران

05:45 - 3 رێبەندان 2715

شوورای ئەمنیەت دەڵێ بە مەبەستی چاوەدێری‌كردنی گەمارۆكانی چەك‌و تەقەمەنی‌و بەرنامەی مووشەكیی ئێران کۆمه‌ڵێک رێکاری نوێی به‌رچاو گرتوە. شوڕای ئه‌منیه‌ت بەنیازە چاوەێری بەسەر ئەم گەمارۆیانەدا بكا كە سەرەڕای هەڵوەشانەوەی گەمارۆ ئەتۆمی‌یەكان، به‌ڵام ئه‌وان تا ئێستاش هەر وەك خۆیان ماونەتەوە. بەپێی ڕاپۆرتی ئاسۆشێتێدپرێس، بڕیارە ئەم ڕێکاره‌ نوێ‌یانە جێگرەوەی كۆمیتەی شووڕای ئەمنیەت بن كە چاوەدێری بەسەر گەمارۆكانی ڕێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان‌دا دەكرد كە ڕۆژی ٢٦ی بەفرانبار لەسەر ئەم وڵاتە هەڵ‌گیران. سەڕای هەڵگیرانی گەمارۆ ئابووری‌یەكانی سەر ئێران بەڵام ئێستاش گەمارۆكانی چەك‌و چۆڵی ڕێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان بەدژی ئێران تا ٥ ساڵی دیكەش هەروا لە جێی خۆیان دەمێننەوە. بەم حاڵەش لە كاتێك‌دا كە شوورای ئەمنیەت خاترجەم بێ كە ئێران هیچ چەشنە چالاكی‌یەكی لە بواری چەكوچۆڵی نیزامی‌دا نیە، دەكرێ زووتر لە كاتی دیاریكراو‌دا كۆتایی بەم گەمارۆیانەش بێنن. هەروەها بارودۆخێكی لەم چەشنە لە بابەت گەمارۆكانی پێوەندیدار بە فرۆشتنی تێكنۆلۆژیی مووشەكە بالیستیكەكان بە ئێرانیش لە ئارا دایە. هەرچەند ئەم گەمارۆیانەش دەتوانن تا ٨ ساڵی دیکه‌ بەردەوام بن، بەڵام لە كاتێك‌دا كە شوورای ئەمنیەت پێی وابێ ئێران خۆی له‌و ئامانجانه‌ به‌دوور گرتوه‌، لەوانەیە پێشوەخت ئەم گەمارۆیانەش هەڵوەشێنەوە.