کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سەفەری حەسەن ڕۆحانی بۆ ئورووپاو خۆپێشاندانی دژبەران

01:58 - 6 رێبەندان 2715

حەسەن ڕوحانی، سەركۆماری ئێران لەسەر بانگهێشتی ڕەسمیی سەركۆمارەكانی ئیتالیاو فەرانسە بۆ سەفەرێكی چوار ڕۆژە بەرەو ئەم دوو وڵاتە وەڕێ كەوتووه‌. ڕوحانی لەم سەفەرەدا لەگەڵ پاپ فرانسیس، سێرجیو متارلا، سەركۆمارو ماتێئۆ ڕێنتزی، سەرۆك وەزیری ئیتالیاو؛ هه‌روه‌ها فرانسوا ئۆلاند، سەركۆماری فەرانسەو ئیرینا بوكووا، بەڕێوەبەری گشتیی یونسكۆ دیدارو چاوپێکه‌وتنی ده‌بێ. دوای وه‌ڕێکه‌وتنی سەفەری حەسەن ڕوحانی بۆ ئورووپا، كۆمەڵێك لە ئێرانی‌یه‌کانی دانیشتووی فەڕانسە بە ناوی "كۆمیتەی بەڕێوەبرنی خۆپێشاندانە ناڕەزایەتی‌یەكان بە پێشێل‌كردنی مافەكانی مرۆڤ لە ئێران"، كە لە كۆمەڵێك چالاكی سیاسی‌و مەدەنی پێك هاتووە، لە پاریس خۆپێشاندانێكیان وەڕێ خست. دروشمی خۆپێشاندەران لەم خۆپێشاندانە ناڕەزایەتی‌یەدا دێمۆكراسی، مافەكانی مرۆڤ‌و جیایی دین‌و دەوڵەت لە ئێران، وێڕای داوای هەڵوەشانەوەی ئەشكەنجە‌و ئێعدام، ئازادیی زیندانیانی سیاسی ـ عەقیدەتی، ئازادیی بیروباوەڕ، ڕادەربڕین، ڕاگەیاندن‌و ڕێكخراوەكان، یەكسان‌بوونی مافی سەرجەم هاووڵاتی‌یان‌و وڵامدانەوەی دادخوازیی بنەماڵەكانی قوربانییان سەركوت لە ئێران بوو. ئه‌ندامانی ئه‌و کۆمیته‌یه‌ ده‌ڵێن لەم زنجیره‌ خۆپێشاندانەدا ناپڕژێنە سەر بابه‌تی سەفەری ڕوحانی، به‌ڵكوو ئەم سەفەرە بە دەرفەتێك دەزانن كە بتوانن بیرۆڕای گشتیی فەرانسە‌و وڵاتانی دیكە لە بابەت بارودۆخی نالەباری مافەكانی مرۆڤ لە ئێران كە بە بەهۆی دانووستانە ناوكی‌یەكان و پێوەندی گرتن لەگەڵ كۆماری ئیسلامی، وەبەرچاو ناگیردرێ، ئاگادار بكەنەوەو وریایی ئه‌وه‌ به‌و وڵاتانه‌ بده‌ن كە خەمسارد بوونی زلهێزەكان بەم بابه‌ته‌ دەورێكی ڕاستەوخۆی لە سەركوت كردن ئازادی‌یەكان‌و پێشێل‌كردنی مافەكانی مرۆڤ لە ئێران هەیە.