کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بانگ‌نه‌کرانی هێزە كوردییەكانی سووریە بۆ دانووستانەكانی ئاشتی لە ژێنێڤ

06:30 - 8 رێبەندان 2715

لۆران فابیووس، وەزیری دەرەوەی فەرانسە ده‌ڵێ هێزە كوردییەكان لە سووریە بانگهێشتی دانووستانەكانی ئاشتیی سووریە نەكراون. بڕیارە ئەم گه‌ڕه‌ی دانووستانه‌کان ڕۆژی هەینی لە ژێنێڤی سویس بەڕێوە بچێ. بەپێی ڕاپۆرتی هەواڵدەریی ڕۆیتێرز، فابیووس گوتویەتی ستێفان دێ مستۆرا، نوێنەری تایبەتی ڕێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان پێی ڕاگەیەندووە كە نوێنەرانی یەكینەكانی پاراستنی گەل بانگهێشتی ئەم دانووستانانە ناكرێن. یەكینەكانی پاراستنی گەل، هێزێكی كوردییە لە سووریە كە بەدژی داعش لە شەڕ دایە. مەولوود چاووش ئۆغڵوو، وەزیری دەرەوەی توركیە، ڕۆژی سێشەممە گوتبووی: ئەگەر هێزە كوردییەكانی سووریە بانگهێشتی دانووستانەكانی ژێنێڤ بكرێن، دەوڵەتی توركیە نوێنەری خۆی بۆ ئەم كۆبوونەوەیە نانێرێ. ئەم قسانەی چاووش ئۆغڵوو لە حاڵێك دایە كە سێرگێئی لاورۆف، وەزیری دەروەی ڕووسیە گوتبووی ئەم دانووستانانە بەبێ ئامادە بوونی نوێنەری هێزە كوردییەكان بەهیچ ئاكامێك ناگا. لەم بەینەدا بەپێی ڕاپۆرتی ڕۆیتێرز، هیتام مانا، لە ڕێبەرانی شوورای دێمۆكراتیكی سووریە، ڕایگەیاندووە كە بێتوو دوو ڕێبەری كوردەكانی ئەم وڵاتە بۆ ئەم مەبەستە بانگهێشت نەكرێن، ئەم لایه‌نه‌ش بەشداری لەو کۆبوونه‌وه‌یه‌دا ناكا.