![](/files/mahamadsharihatmadari-1.jpg)
محەممەد شەریعەتمەداری، جێگری حەسەن ڕۆحانی وێڕای دان‌پێدانان بە قەیرانی بێكاری گوتی گرینگ‌ترین گیروگرفتی ئەمڕۆی ئێران لە هەموو بوارەكانی سیاسی، ئابووری، كۆمەڵایەتی‌و فەرهەنگی‌دا، بێكاری‌و کێشه‌ی پێكهێنانی هه‌لی کاری‌یه.
ناوبراو دانی بەمەداناوە كە لە ماوەی ١٠ ساڵی ڕابردوودا هیچ هه‌لێکی کاری نوێ پێک نه‌هاتوه‌و گۆڕانكارییەكی ئه‌وتۆ به‌سه‌ر ژماره‌ی ئه‌وانه‌ی کاریان هه‌یه، بەسەردا نەهاتووە بە واتایەكی دیكە هه‌لی کاری نوێ لە ئاستی ئێران‌دا نەخوڵقاوە.
ئه‌و دەڵێ ئەمە لە هەلومەرجێك‌دا بووە كە ئێران جیا له دوو ساڵی ڕابردوودا، داهاتی نەوتی باشیشی بووە، به‌ڵام ئەمڕۆكە ئێران لەگەڵ گیروگرفتی وەك دابەزینی ئاستی خۆشبژێویی گشتی و دابەزینی بوودجەی بنەماڵەكان بەرەوڕوویە.
جێگری جێبەجێكاری حەسەن ڕۆحانی گەشەی ئابووریی به‌ردوامی بە پێشمەرجی چارەسەریی قەیرانی بێكاری ناوبردوه‌و، حەسەن ڕۆحانی، سەركۆماری ئێرانیش گه‌شه‌ی سەدی ٨ی ئابووریی ئێران بە مەرجی دابەزینی نرخی بێكاری ده‌زانێ‌و دەڵێ وەها ئاستێكی گەشەی ئابووریی پێویستیی بە بڕی١٥٠ میلیارد دۆلار سەرمایەدانان لە ماوەی یەك ساڵدا هەیە.
محەممەد شەریعەتمەداری لە كۆتایی‌دا ده‌ڵێ كە له ئێستادا ٧٠ هەزار پڕۆژه‌ی نیوەچڵی دەوڵەتی بە بڕی ٥٠٠ هەزار میلیارد تمەن لە ئێران‌دا هەیە كە بۆ تەواوكردنی ئەم پڕۆژانە هەموو داهاتی نەوتی ئێرانیش بەش ناكا.
کارناسانی کۆمه‌ڵایه‌تی ده‌ڵێن بێكاریی لاوان بە تایبەت لاوانی ده‌رچووی زانكۆ یەكێك لە کێشه سه‌ره‌کی‌یه‌کانی ئێستای كۆمەڵگای ئێرانە.
به‌پێی ئاماری ناوه‌ندی ئامار نرخی بێكاریی لاوانی كەمتر لە٣٠ ساڵ لە سەدی ٢٨ زیاترە، لە حاڵێكدا كە نرخی بێكاریی ژنان دوو بەرابەری ئەم ڕەقەمەیە. بەپێی پێشبینییەكان لە ساڵی ١٤٠٠دا زیاتر لە١١ میلیۆن ده‌رچووی زانكۆ بە بێكارانی ئێران زیاد دەبێ.