![](/files/mortazamirbaqiriii.jpg)
مورته‌زا میرباقری، جێگری وه‌زیری نێوخۆی ئێران، ده‌ڵێ له ساڵی ١٣٩٣ له ئێران ١٥ میلیون په‌روه‌نده‌ی قه‌زایی كراوه‌ته‌وه.
میرباقری ڕۆژی شه‌ممه ١٠ی ڕێبه‌ندان له نێو باسه‌کانی كۆبوونه‌وه‌یه‌كدا له ژێر ناوی "ده‌رفه‌ته‌كانی پاش به‌رجام" گوتی که ده‌بێ له كۆمه‌ڵگای ئێران‌دا "نه‌شته‌رگه‌ریی كۆمه‌ڵایه‌تی" ڕووی بدا.
ئه‌م كاربه‌ده‌سته پله‌به‌رزه‌ی ده‌وڵه‌تی ئێران گوتی كرانه‌وه‌ی ١٥ میلیۆن په‌روه‌نده‌ی قه‌زایی له ماوه‌ی ساڵێكدا "نیشانه‌ی ئه‌وه‌یه كه ئه‌م كۆمه‌ڵگایه ناتوانێ كێشه‌كانی خۆی به سازان و وتووێژ و له ڕێگه‌ی نه‌رمی نواندنه‌وه چاره‌سه‌ر بكا و لایه‌نه‌كان كێشه‌و گرفتی خۆیان ده‌به‌نه لای ده‌زگای قه‌زایی".
ئه‌م ئاماره‌ی كه له‌لای ئه‌م كاربه‌ده‌سته‌ی ده‌وڵه‌ت له بابه‌ت په‌روه‌نده قه‌زاییه‌كان ڕاگه‌یه‌ندراوه، زۆرتر له‌م ئاماره‌یه كه ده‌زگای قه‌زایی ئێران بڵاوی كردۆته‌وه. له به‌هاری ڕابردوودا جێگری ده‌زگای قه‌زایی ئێران گوتبووی له ساڵی ڕابردوودا نزیكه‌ی ١١ میلیۆن په‌روه‌نده‌ی قه‌زایی له دادگاکاندا کراوه‌ته‌وه.
ساڵێك پێشتریش، وه‌زاره‌تی داگوسته‌ریی حه‌سه‌ن ڕووحانی ڕایگه‌یاندبوو كه زۆرترین تاوانه قه‌زاییه‌كان له ئێران پێوه‌ندییان به "مادده‌ی سڕكه‌ر و دزی كردنه‌وه" هه‌یه.
میرباقری له به‌شێكی دیكه‌ی قسه‌كانیدا ئاماژه‌ی به به‌رزبوونه‌وه‌ی ئاستی ته‌ڵاق، ڕه‌وتی ڕوو به گه‌شه‌ی بێكاری یان بوونی ١١ میلیۆن په‌ڕاوێزنشین له ئێران كردووه.
جێگری وه‌زیری نێوخۆی ئێران هه‌روه‌ها گوتوویه‌تی ڕێژه‌ی بێكاریی له ٢٠ شاری ئێران له نێوان سه‌دی ٤٠ تا سه‌دی ٧٠ بووه و نزیكه‌ی سه‌دی ١٥ی سه‌رجه‌م حه‌شیمه‌تی ئێران له ناوچه‌گه‌لێك ده‌ژین كه پێداویستیی سه‌ره‌تایی ژیانیان نییه‌و هیچ لایه‌نێكیش ئاوڕیان له‌م مه‌سه‌له نه‌داوه‌ته‌وه و بۆ هیچ كه‌س گرینگ نه‌بووه كه ئه‌م خه‌ڵكه چۆن ده‌ژین.
مورته‌زا میرباقری له به‌شێكی دیكه‌ی قسه‌كانیدا گوتی یه‌كێك له‌م هۆكارانه‌ی كه ده‌بێته هۆی سه‌رهه‌ڵدانی ئه‌م جۆره گرفتانه، نیزامی پلاندانانی ئێرانه. له‌به‌ر ئه‌وه‌ی که ئیمكاناتی ئێران له نێوان ٣١ی پارێزگا و له ١٢٠٠ شاری ئه‌م وڵاته، ته‌نیا له ٦ پارێزگا و ٢٠٠ شاردا کۆ بۆته‌وه و باقی شار و پارێزگاكانی دیكه به ته‌واوی پشت گوێ خراون.
جێگری وه‌زیری نێوخۆی ئێران هه‌روه‌ها ڕه‌خنه‌ی له هه‌وڵه‌كانی ده‌وڵه‌ت له ڕابردوو و ئێستادا گرتووه و ده‌ڵێ ئه‌وان ته‌نیا بینه‌ر بوون‌و هه‌ر له دووره‌وه سه‌یری کێشه‌و گرفته‌كانی خه‌ڵكیان کردوه.