![](/files/Rostam-Ghasemi.jpg)
جێگری یه‌كه‌می سه‌ركۆمار له ڕێگه‌ی حوكمێكه‌وه، ڕۆسته‌م قاسمی، فه‌مانده‌ی سپای پاسداران‌و ڕاوێژكاری پله‌به‌رزی وه‌زیری به‌رگری‌و وه‌زیری نه‌وتی پێشووی ئێرانی به‌هۆی "ڕێگری كردن له جێبه‌جی كرانی گرێبه‌سته نه‌وتییه‌كان" له‌سه‌ر كار لابردوه.
ئیسحاق جه‌هانگیری، جێگری یه‌كه‌می سه‌ركۆمار ماوه‌یه‌ك له‌مه‌وبه‌ر هه‌ڕه‌شه‌ی ئه‌وه‌ی له ڕه‌خنه‌گرانی گرێبه‌سته نه‌وتییه‌كانی کردبوو كه ئه‌گه‌ر له چالاكییه تێكده‌رانه‌كانی خۆیان به‌رده‌وام بن، چی دیكه ده‌وڵه‌ت لێیان بێده‌نگ نابێ‌و له به‌رامبه‌ر ئه‌م هه‌وڵه تێكده‌رانه‌ی ئه‌واندا هه‌نگاوی پێویست هه‌ڵدێنێته‌وه.
جێگری یه‌كه‌می سه‌ركۆمار به‌هۆی ئه‌وه‌ی كه ڕۆسته‌م قاسمی رۆڵێكی ڕاسته‌وخۆی له ڕێگری كردن له به‌ستنی گرێبه‌سته نه‌وتییه‌كاندا بووه‌و هه‌روه‌ها بۆته هۆی هه‌ڵوه‌شانه‌وه‌ی كۆنفرانسی له‌نده‌نیش، ناوبراوی له‌سه‌ر كار لابردوه.
ده‌گوترێ توندڕه‌وه‌كان به‌دژی ئه‌م گرێبه‌سته نوێیانه‌ی نه‌وتن كه له لایه‌ن ئێران‌و کۆمپانیاکانی ڕۆژاواوه ئیمزا كراون، چونكی ئه‌م گرێبه‌ستانه ده‌بنه هۆی ئه‌وه‌ی كه ده‌وری سپای پاسداران له پرۆژه نه‌وتییه‌كاندا كاڵتر بێته‌وه.
سپای پاسداران له ماوه‌ی ١٠ ساڵی ڕابردوودا په‌یمانکاری به‌شێكی زۆر له پرۆژه نه‌وتی‌و گازییه‌كانی له ئێران وه ئه‌ستۆ گرتووه‌و له ڕێگه‌ی ئه‌م گرێبه‌ستانه‌وه سه‌روه‌ت‌و سامانێكی زۆر‌و زه‌وه‌ندی وه‌سه‌ر یه‌ك ناوه. له گرێبه‌سته نوێیه‌كانی نه‌وتدا کۆمپانیا په‌یمانکاره بیانییه‌كان جگه له په‌ره‌پێدان، قۆناغی به‌رهه‌مهێنانیش ده‌گرنه ئه‌ستۆ. به‌ڵام ته‌نیا كاتێك شیركه‌ته بیانییه‌كان ده‌توانن بچنه نێو پرۆژه‌یه‌كه‌وه كه هاوبه‌شێكی ئێرانی‌یان هه‌بێ.
دژبه‌رانی ئه‌م گرێبه‌ستانه كه به‌دژی ده‌وڵه‌تی حه‌سه‌ن ڕووحانیشن، پێیان وایه "گرێبه‌سته نه‌وتییه‌كانی ئێران" ده‌توانن له درێژماوه‌دا كاریگه‌ری له‌سه‌ر به‌رژه‌وه‌ندییه میللییه‌كان دابنێن، به‌ڵام ده‌وڵه‌ت‌و وه‌زاره‌تی نه‌وت پشتیوانی له‌م گرێبه‌ستانه ده‌كه‌ن‌و له‌سه‌ر ئه‌م باوه‌ڕه‌ن كه ئه‌وله‌ویه‌تی سه‌ره‌كیی ئابووریی گشتیی ئێران‌و سه‌نعه‌تی نه‌وت، ڕاکێشانی سه‌رمایه‌ی بیانییه