کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

یونسێف: یەك لەسەر سێی پەنابەران منداڵن

16:46 - 16 رێبەندان 2715

ڕێكخراوی یونسێف لە نوێترین راپۆرتی خۆیدا ڕایگەیاندووە یەك لەسەر سێی كۆچبەران كە لە ڕێگای توركیه‌وە دەچنە یۆنان، منداڵن. "سارا كرۆ" وتەبێژی یونیسێف ڕایگەیاندوە، ئەو كۆچبەرانەی لە توركیه‌وه‌ بۆ یۆنان بەو دەریا مەترسیدارانەدا دەپەڕنەوە، بۆ ئەوەی بگەن بە وڵاتە ئورووپاییەكان، سه‌دی ٣٦یان منداڵن. سارا کرۆ ده‌ڵێ منداڵ و ئافرەت ڕێژەی سه‌دی ٦٠ی ژمارەی ئەو كۆچبەرانە پێک دێنن كە دەیانەوێ وەك پەنابەر بگەنە وڵاتەكانی دیکه‌. ئەم ئامارانەش گۆڕانێكی بەرچاوی بەخۆی دیوە، چونكە لە ساڵی ٢٠١٥، ڕێژەی ٧٣%ی كۆچبەران پیاو و كوڕی لاو بوون، هەروەها سه‌دی ١٠ی كۆچبەرانیش منداڵ بوون. بەپێی ڕاپۆرتێكی ڕێكخراوی نێوده‌وڵه‌تیی كۆچ، ڕێژەی سه‌دی ٢٠ی ئەو كەسانەی كە لەكاتی كۆچكردنیان خنكاون و مردوون، منداڵ بوون. بەپێی دوایین راپۆرتی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، تەنیا لە مانگی یەکەمی ساڵی ٢٠١٦، بەهۆی شەپۆلی فراوانی کۆچەوە ٣٦٨ پەنابەر لەناو ئاوی دەریاکاندا خنکاون کە بەشی هەرە زۆریان منداڵ بوون.