کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێوڕەسمێک بەبۆنەی ساڵیادی دامەزرانی کوردکاناڵ بەڕێوەچوو

17:34 - 16 گەلاوێژ 2716

کۆمیسیۆنی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکڕاتی کوردستان بەبۆنەی ٩ ساڵە دەسبەکاربوونی تەلەڤیزیۆنی " کورد کاناڵ" رێوڕەسمێکی بەڕێوە برد. لەو ڕێوڕەسمەدا کە بەیانیی ئەمڕۆ شەممە،١٦ی گەلاوێژ بە بەشداریی دەیان کەس لە کارگێڕانی کوردکاناڵ گیرا، رێز لە تێکۆشانی ٩ ساڵەی کوردکاناڵ و ستاف و بەشە جۆراوجۆرەکانی ئەو میدیایەی حیزبی دێموکڕاتی کوردستان گیرا. لەو ڕێوڕەسمەدا سەرەتا کاک هەژیر عەبدوڵلاپوور، بەرپرسی کوردکاناڵ لەلایەن بەڕێوەبەریی کوردکاناڵەوە پیرۆزبایی ساڵیادی دامەزرانی کوردکاناڵی لە بەشداران کرد و پاشان کاک کەماڵ کەریمی، بەرپرسی کۆمیسیۆنی ڕاگەیاندنی حیزب بەو بۆنەیەوە وتارێکی پێشکێش کرد. کاک کەماڵ کەریمی لە سەرەتای قسەکانیدا باسێکی لە سەردەمی دامەزرانی کورد کاناڵ کرد و بە ئاماژە بە بارودۆخی حیزب لەو کاتدا کە تووشی دوولەتبوون هاتبوو، گوتی: حیزبی دیموکراتی کوردستان لە سەرەتای ئەم قۆناغە نوێیە لە تێکۆشانی خۆی هەم لە ڕووی داراییەوە دۆخێکی دژواری هەبوو، هەم لە گەڵ هێرشێکی میدیایی ناڕەوا و پڕ لە ناڕاستی بەرەوڕوو بوو، هەر بۆیەش قورسایی ئەرک و بەرپرسایەتییەکانی کوردکاناڵ دیار و بەرچاو بوو و، کارگێڕانی کوردکاناڵیش توانییان بە هیممەتی بەرزی خۆیان بەباشی شان وەبەر ئەو بەرپرسایەتییە بدەن. ئەندامی دەفتەری سیاسیی حیزبی دێموکڕات لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا تیشکی خستە سەر ئەوەی کە لە ئێستادا کوردکاناڵ تەنیا دەنگی ڕۆژهەڵاتی کوردستانە کە نوێنەرایەتیی بیری نەتەوەیی و مافەکانی گەلی کورد لە ئێراندا دەکا. کاک کەماڵ کەریمی لە درێژەی باسەکەیدا باسی لە هێلە گەشتییەکانی سیاسەتی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکڕات و ڕەنگدانەوەی لە بەرنامەکانی کوردکاناڵدا کرد و لە بەشی کۆتایی قسەکانیدا سپاسی ئەو کەسانەی کرد کە توانیویانە لەو ماوەیەدا ئەو دەنگ و ڕەنگە بۆ خەڵکی کوردستان بیڵنەوە. کاک کەماڵ گوتی: کوردکاناڵ لە ٩ ساڵی رابردوو دا، بە پشتیوانی و هیممەتیی ماڵیی دۆستان و دڵسۆزانی حیزبی دیموکراتی کوردستان بە تایبەتی ئەندامانی ئەم حیزبە لە دەرەوەی وڵات، توانیوێتی بەردەوام بێ. لە بڕگەیەکی دیکەی ئەو رێوڕەسمەدا کاک خالید عەزیزی، سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستان وتەیەکی کورتی پێشکێش کرد و لە قسەکانیدا دەسخۆشیی بە کارگێڕان و بەڕێوەبەرانی کوردکاناڵ گوت و هیوای بەردەوامیی بۆ خواستن.