کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کۆبوونەوەی کاک خالید عەزیزی لە کۆمیته‌ی به‌ڕێوه‌به‌ریی یه‌کیه‌تیی ژنانی دێموکراتی کوردستان

19:14 - 16 گەلاوێژ 2716

کاک خالید عه‌زیزی، سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستان له‌گه‌ڵ کۆمیته‌ی به‌ڕێوه‌به‌ریی یه‌کیه‌تیی ژنانی دێموکراتی کوردستان کۆبۆوه‌. لەم کۆبونه‌وەیەدا‌ کە بە مەبەستی تاوتوێی حزووری زیاتر و به‌ره‌وپێشچوونی ژنان له‌ نێو حیزب‌دا پێکهاتبوو، باس لە گرفتەکانی بەردەم ژنان بۆ چالاکیی زیاتر و گرتنەبەری ڕێکاری بەکردەوە بۆ پڕکردنه‌وه‌ی بۆشایی که‌میی حزووری ژنان له‌ نێو ریزی حیزبدا کر. لەو کۆبوونەوەیەدا هەروەها باس له پیویستیی هه‌وڵدان بۆ به‌هێزکردنی پێوه‌ندیی یه‌کیه‌تی ژنان له‌گه‌ڵ ژنانی کورد له‌ نێوخۆی وڵات کرا. کاک خالید عەزیزی لە قسەکانی لەو کۆبوونەوەیەدا بەبایەخەوە باسی لە ڕۆڵی کۆمەڵێک لە ژنانی چالاکی نێو ڕیزەکانی حیزب کرد و بە ئاماژە بە پێویستیی پێوەندیی پتەوی نێوان یەکیەتیی ژنان و ژنانی هەڵسووڕ لە نێوخۆی وڵات، گوتی: له‌ نێو خۆشماندا که‌م نین ئه‌و ژنه‌ خه‌باتاکارانه‌ی که‌ ده‌کرێ سه‌رمایه‌گوزاریان له‌سه‌ر بکرێ و له‌ رووی سیاسی و نیزامیه‌وه‌ په‌روه‌رده‌ بکرێن بۆ ئه‌وه‌ی له‌ داهاتوودا بتوانین ئه‌و بۆشاییه‌ پڕ بکه‌نه‌وه. سۆیلا قادری، سکرتێری یه‌کیه‌تی ژنانی دێموکراتی کوردستانیش لەو کۆبوونەوەیەدا گوتی: ئه‌ندامانی یه‌کیه‌تیی ژنان ئاماده‌گیی ته‌واوی خۆیان بۆ هاوکاری و هاوئاهه‌نگی له‌گه‌ڵ حیزبی دێموکراتی کوردستان ده‌ربریوه‌ و بۆ دۆزینه‌وه‌ی رێگا چاره‌ی گونجاو بۆ ده‌سته‌به‌رکردنی مافه‌ ره‌گه‌زی و نه‌ته‌وه‌یی، ژنانی کورد وه‌ک هه‌میشه‌ پشت و پشتیوانی حیزبه‌که‌یان ده‌بن. سکرتێری یەکیەتیی ژنان ئەوەشی گوت کە حیزبی دێموکراتی کوردستان ٧١ ساڵ پێش ئێستا، یه‌که‌م حێزبی مۆدێڕنی کوردی بووه‌ که‌ ژنانی هێناوه‌ته‌ مه‌یدانی خه‌بات و تێکۆشان و ئێمه‌ ده‌بێ هه‌وڵ بده‌ین کە حیزبی دێموکڕات هەمیشە بەستێنێکی لەبار بۆ ڕۆڵبینین و دەرکەوتنی ژنان و خەبات و تێکۆشانیان بێ. بڕگەیەکی دیکەی ئەو دیدارە ئاڵوگۆری بیروڕای کۆمیته‌ی به‌ڕێوه‌به‌ریی یه‌کیه‌تیی ژنان لەگەڵ سکرتێری گشتیی حیزب لەسەر پرسە جۆراوجۆرە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکان بوو.