کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێوڕەسمی پرسەی حاجی رەئووف کەریمی لە بنکەی دەفتەری سیاسیی حدک بەڕێوەچوو

17:29 - 17 گەلاوێژ 2716

لە بنکەی دەفتەری سیاسیی حیزبی دێموکڕاتی کوردستان ڕێوڕەسمێکی پرسە و سەرەخۆشی بەبۆنەی کۆچی دوایی حاجی رەئووف کەریمی، تێکۆشەر و دڵسۆزی حیزبی دێموکڕاتی کوردستان بەڕێوەچوو. لەو ڕێوڕەسمەدا کە بەیانیی ڕۆژی یەکشەممە، ١٧ی گەلاوێژ بە بەشداریی سەدان کەس لە کادر و پێشمەرگە و ئەندامانی بنەماڵەکانی حیزبی دێموکڕاتی کوردستان بەرێوەچوو، کاک کەماڵ کەریمی، ئەندامی دەفتەری سیاسیی حیزب وتارێکی پێشکێش کرد. کاک کەماڵ کەریمی لە قسەکانیدا باسێکی لە ژیانی حاجی رەئووف کەریمی کرد و بە تیشک خستنە سەر مێژووی تێکۆشانی ٧ دەیەی بنەماڵەی کەریمییەکان لە بانە لە ڕیزەکانی حیزبی دێموکڕاتدا گوتی: حاجی رەئووف لە ماوەی ئەو چەند دەیەدا ئەرک و بەرپرسایەتیی زۆری لەسەر شان بوو، بەڵام کەم دیار بوو. ئەندامی دەفتەری سیاسیی حیزبی دێموکراتی کوردستان لە درێژەی قسەکانیدا گوتی: ئەگەر حاجی رەئووف و زەحمەت و ئەرک وەخۆگرییەکانی ئەو نەبوایە، نە باوکم، نە مامەکانم و نە ئەمن بۆ خۆشم نەماندەتوانی بەو شێوەیە درێژە بە تێکۆشانی سیاسی لە ڕیزی حیزبی دێموکڕاتدا بدەین. کاک کەماڵ کەریمی هەر لەو پێوەندییەدا گوتی: نموونەی کەسانی وەک حاجی رەئووف پێمان دەڵێن ئەگەر لە کوردستان زۆر کەس توانیویانە بە تێکۆشانی خۆیان حیزب بگەیەننە ئەو قۆناغە، ئەوا بێگومان کەسانی وەک حاجی رەئووف‌یان لە پشت بووە، هەر بۆیەش یادکردنەوە لەو کەسانەی کەمتر لە شۆڕشدا دیارن، بەڵام ئەرکی گرینگیان لە سەرخستنی خەباتەکەدا لەسەر شان بووە، ڕووحی شۆڕشگێڕیی ئێمە زیاتر دەردەخا. ڕۆژی هەینی ١٥ی گەلاوێژی ١٣٩٥ی هەتاوی، کەسایەتی ناسراوی حیزبی دیموکراتی کوردستان لە ناوچەی بانە، کاک حاجی ڕەووف کەریمی، لە تەمەنی ٨٣ ساڵی دا و بە هۆی نەخۆشی لە شاری "ئوپسالا"ی وڵاتی سوید کۆچی دوایی کرد. کاک حاجی ڕەووف کەریمی یەکێک لە کەسایەتییە ناسراو و خۆشناوەکانی شاری بانە و بنەماڵەی شۆڕشگێڕی کەریمی بوو. بنەماڵە کەریمی کە بە بناخەدانەرانی پێگەی حیزبی دیموکراتی کوردستان لە شاری بانە دا ناسراون، لە ڕیزی ئەو دەگمەن بنەماڵانە دان هەموو کات جێگە پەنجەیان بە شۆڕش و بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی ڕۆژهەڵاتی کوردستانەوە دیار بووە. کاک حاجی ڕەووف برای شۆڕشگێڕانی ناسراو قاقەی کەریمی، شەهید عوسمان کەریمی و کاک هاشـم کەریمی و مامی تێکۆشەر کاک کەمال کەریمی، ئەندامی دەفتەری سیاسی حیزبی دیموکراتی کوردستان بوو.