کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لە مەریوان و دیواندەرە بەبۆنەی ٢٥ی گەلاوێژ چالاکیی تەبلیغی کرا

04:56 - 20 گەلاوێژ 2716

لە درێژەی چالاکییە تەبلیغییەکانی ئەندامانی حیزب لە شار وناوچەکانی کوردستان، لە دوو شاری مەریوان و دیواندەرەش چالاکیی تەبلیغی کرا. لەو چالاکییە تەبلیغییانەدا بە بڵاوکردنەوەی وێنەی رێبەرانی شەهید، دروشم و تڕاکتی تەبلیغی لەگەڵ دامەزرێنەرانی حیزبی دێموکڕاتی کوردستان پەیمانی وەفا نوێ کراوەتەوە و ڕوو بە کۆماری ئیسلامیی ئێران گوتراوە کە حیزبی دێموکڕاتی کوردستان هەر وەک هەمیشە حیزبی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستانە. ئەو شوێنانەی لە مەریوان چالاکیی تەبلیغییان تێدا کراوە بریتین لە: گەڕەکەکانی دەورووبەری فەرمانداری، کۆڵانی نێهزەت، کۆڵانی مەردووخ و کۆڵانەکانی دەوربووەری مزگەوتی نەبی. ئەو شوێنانەی شاری دیواندەرەش بە دروشم و تڕاکتەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستان ڕازاونەتەوە: گەرووی هاتنە نێو شاری دیواندەرە، مەیدانی بەسیج، شاری بێهداشت، شەقامی١٦ میتری، شارۆچکەی ئەندێشە، پارکی ٢٢ی گوڵان و گەڕەکی سەلاحەددینی ئەیووبی. چالاکیی تەبلیغی لە شارەکانی مەریوان و دیواندەرە لە حاڵێک دایە کە پێشتر لە شارەکانی کرماشان، مەهاباد و پیرانشاریش چەند جار و بە شێوەی بەربەرین چالاکیی تەبلیغی کراوە. کۆمیسیۆنی تەشکیلاتی حیزبی دێموکڕاتی کوردستان بەو بۆنەیە دەسخۆشیی لە ئەندامانی هەڵسووڕ و بە جەرگی حیزب کردوە کە سەرەڕای کەشی ئەمنیەتیی توندی زاڵکراو بە سەر کوردستاندا، بە چالاکیی تەبلیغی دڕیان بەو شەوەزەنگە داوە و پەیمانیان لەگەڵ حیزبی دێموکڕاتی کوردستان نوێ کردۆتەوە.