کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لە مەهاباد، پاوە، نەغەدە و پیرانشار چالاکیی تەبلیغی کرایەوە

19:23 - 21 گەلاوێژ 2716

بۆ چەندەمین جار لە ناوچەی مەهاباد، نەغەدە، پیرانشار و پاوە بەبۆنەی هاتنەوەی ٢٥ی گەلاوێژ، ساڵڕۆژی دامەزرانی حیزبی دێموکراتی کوردستان چالاکیی تەبلیغی کرایەوە. بەپێی ڕاپۆرتی کۆمیسیۆنی تەشکیلاتی حیزبی دێموکڕاتی کوردستان لەو چالاکییە تەبلیغییانەدا بە بڵاوکردنەوەی وێنەی رێبەرانی شەهیدی حیزبی دێموکڕات، وێنەی پێشمەرگە و تڕاکت و نووسینی دروشمی تەبلیغی لە سەر دیوار و تابڵۆکان یاد و بیرەوەریی دامەزرانی حیزبی دێموکڕاتی کوردستان بەرز ڕاگیراوە. بەشێک ئەو شوێنانەی لە مەهاباد و لەلایەن چەند شانە لە ئەندامانی حیزب چالاکیی تەبلیغییان تێدا کراوە، بریتین لە: نێوشاری مەهاباد لە کۆڵانەکانی دەورووبەری مزگەوتی حاجی عەبدوڵڵا ڕۆستەم‌زادە، مەدرەسەی ئیستقلال، گەڕەکی پشتەب بەری مەدرەسە، گەڕەکی باغی شایەگان، گەڕەکی ئەسحابە سپی و بەهارستان. لە دەرەوەی مەهابادیش لە شوێنەکانی؛ سەر تەپەی هەمزاوا، گوندەکانی حاجی مەمیان، داش‌تەمر، وزندەرێ، قەڕەقشلاق، خوڕخوڕە، گردیاققب، قزڵقۆپی و کۆنەدێ چالاکیی بەرینی تەبلیغی کراوە. ئەندامان و لایەنگرانی حیزبی دێموکڕاتی کوردستان لە نەغەدە لە ئاوای کۆیکان چالاکیی تەبلیغییان کردوە و لە شاری پیرانشاریش ئەو شوێنانە بە وێنە و تڕاکت و دروشمی تەبلیغیی حیزب ڕازاونەتەوە: کۆڵانەکانی دەورووبەری مەدرەسەی شووڕا، دەورووبەری مزگەوتی حەزرەتی ئیسماعیل، کویی خەییام، مزگەوت و پارکی دارولقورئان، دەورووبەری پشتی مەدرەسەی "شبانەروزی"، دەورووبەری مزگەوتی سەرچاوێ، کۆنەخانێ، دەوروبەری پارکی کودەک و کۆڵانەکانی پشتی مزگەوتی هیجرەت. هەر لە درێژەی ئەو چالاکییانەدا لە شاری پاوەش لەو شوێنانە چالاکیی تەبلیغی کراوە: گەڕەکی تەکیەی دەراویش، فەرهەنگیان، زەفەر و گەڕەکی سەردێ. کۆمیسیۆنی تەشکیلاتی حیزبی دێموکڕاتی کوردستان بەو بۆنەیە دەسخۆشیی لە ئەندامانی هەڵسووڕ و بە جەرگی حیزب کردوە کە سەرەڕای کەشی ئەمنیەتیی توندی زاڵکراو بە سەر کوردستاندا، بە چالاکیی تەبلیغی دڕیان بەو شەوەزەنگە داوە و پەیمانیان لەگەڵ حیزبی دێموکڕاتی کوردستان نوێ کردۆتەوە.