کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سەردانی شاندێکی حیزبی زەحمەتکێشانی کوردستان لە سکرتاریای حیزبی دێموکڕاتی کوردستان

15:54 - 23 گەلاوێژ 2716

شاندێکی حیزبی زەحمەتکێشانی کوردستان سەردانی سکرتاریای حیزبی دێموکڕاتی کوردستانی کرد و لە دیدارێکدا لە نێوان دوو لایەن باس لە دوایین ئاڵۆگۆرەکان لە کوردستان و ئێران کرا. ڕۆژی چوارشەممە، ٢٠ی گەلاوێژ، شاندێکی حیزبی زەحمەتکێشانی کوردستان بە سەرپەرستیی بەهمەن حوسێن، ئەندامی دەستەی سەرۆکایەتیی ئەو حیزبە سەردانی سکرتاریای حیزبی دێموکراتی کوردستانی کرد و لەلایەن شاندی حیزب بە سەرپەرەستیی کاک خالید عەزیزی، سکرتێری گشتیی حیزبەوە پێشوازییان لێکرا. پرسە سیاسییە بەڕۆژەکان لە باشوور و ڕۆژهەڵاتی کوردستان، پرسی سەربەخۆیی هەرێمی کوردستان و ئاڵوگۆرەکان لەو بەشەی کوردستان، ئێران و ڕۆڵی لە هاوکێشەکانی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست تەوەری سەرەکیی چەند باسێکی ئەو کۆبوونەویە بوون. لەو دیدارەدا دوولایەن پێیان وابوو کە حیزبەکانی ڕۆژهەڵات و باشووری کوردستان چ لە نێوخۆی هەر کام لەو بەشانەی کوردستان و چ لەگەڵ یەکتری لە بەشەکانی دیکەی کوردستان دەبێ نیزیکی و هاوپێوەندیی زیاتریان لەگەڵ یەکتر هەبێ و یەکبوونی ماڵی کورد تەنیا گەرەنتیی کورد بۆ پاراستنی دەسکەوتەکانی تا ئێستا و دەسخستنی دەسکەوتی زیاتر بۆ لەمەودوایەشە.