کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

فستیڤالی " ٢٥ی گەلاوێژ، وێنایەکی پڕ هیوا بۆ دواڕۆژی منداڵان" لە بنکەی دەفتەری سیاسیی حدک بەڕێوەچوو

01:22 - 24 گەلاوێژ 2716

ناوەندی منداڵپارێزی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە پێشوازیی٢٥ی گەلاوێژ، ساڵڕۆژی دامەزرانی حیزبی دێموکڕاتی کوردستان فستیڤاڵێکی لە ژێر ناوی " ٢٥ی گەلاوێژ، وێنایەکی پڕ هیوا بۆ دواڕۆژی منداڵان" بەڕێوە برد. لەو فستیڤاڵە کە ڕۆژی شەممە، ٢٣ی گەلاوێژ بەبەشداریی دەیان منداڵ لە دوو بەشی بەیانی و دوانیوەڕۆدا بەڕێوەچوو، کۆمەڵێک چالاکیی وەرزشی کران و چەند بڕگەی هونەریش پیشکێش کران. لە بڕگەکانی یەکەمی فستیڤاڵەکەدا چەند پێشبڕکێیەکی دووچەرخەسواری، ڕاکردن و پسدانە هەڵدان بەڕێوەچوون و، لە بڕگەی سەرەکیی فستیڤاڵەکەش‌دا کە دوانیوەڕۆ لە یەکێک لە ساڵۆنەکانی بۆنە و ڕێوڕەسمەکانی حیزبدا گیرا، درێژە بەو چالاکییانە درا. ئەو بەشە لە چالاکییەکانی منداڵان بە سروودی نەتەوەیی "ئەی ڕەقیب" لەلایەن کۆرسی منداڵانی منداڵپارێزی دەستی پێکرد و دواتر خاتوو شەهێن بایەزیدپوور، بەرپرسی ناوەندی منداڵپارێزی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەو بۆنەیەوە چەند قسەیەکی کرد. شەهێن بایەزیدپوور لە سەرەتای قسەکانیدا باسی لە پێناسەیەکی منداڵ لە ڕووی حقووقی، پەروەردەیی و شوناسەوە کرد و گوتی ئەو فستیڤاڵەیان بەبۆنەی ٢٥ی گەلاوێژ و بە مەبەستی بیرهێنانەوەی مێژووی خەباتی میللەتێک و گواستنەوەی بۆ نەوێ نەوێ بۆ باوەڕهێنانی ئەوان ڕێک خستووە. بەرپرسی ناوەندی منداڵپارێزی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا پەڕژایە سەر ژینگەی سیاسی و کۆمەڵایەتیی منداڵانی کورد و گوتی منداڵانی کوردی قوربانیی لە دایکبوونیانن لە ناوچەیەکی وەک ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاستدا کە نیشتمانەکەیان بە سەر چوار وڵاتدا دابەش کراوە و لە هەموو ئەو بەشانەدا بە تایبەت ڕۆژهەڵاتی کوردستان حاشا لە ماف و شوناسیان کراوە. بڕگەکانی دیکەی ئەو فستیڤاڵە بریتی بوون لە: گۆرانیی خەیات لەلایەن کۆرسی منداڵانی زەوییە سپی، گۆرانییەکی ئازیتا مۆئمینی لە بنکەی ناوەندی ٣ی کوردستان، گۆرانیی ئایپەد لەلایەن کۆرسی منداڵانی ناوەندی ٢، چالاکیی شێعر خوێندنەوە و گۆرانی گوتنی منداڵان و هەروەها چەند پێشبڕکییەکی وەرزشی. دوابڕگەی بەرنامەکەش دابەشکردنی خەڵات بەسەر سەرکەوتووانی پێشبڕکێیەکانی ئەو فستیڤاڵە بوو کە سەرکەوتووان خەڵاتی خۆیان لە دەستی کاک خالید عەزیزی، سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکڕاتی کوردستانەوە وەرگرت.