کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

چالاکیی تەبلیغی لە بانە، نەغەدە، مەهاباد بەبۆنەی هاتنەوەی ٢٥ی گەلاوێژ

17:18 - 24 گەلاوێژ 2716

  ئەندامان و لایەنگرانی حیزبی دێموکڕاتی کوردستان  لە بانە، نەغەدە و پیرانشار بەبۆنەی هاتنەوەی ٢٥ی گەلاوێژ، ساڵڕۆژی دامەزرانی حیزبی دێموکڕاتی کوردستان چالاکیی تەبلیغییان کرد و بەرەو پیلی ئەو ڕۆژە مێژووییە لە مێژووی بزووتنەوەی کورد لە کوردستانی ئێران چوون. لەو چالاکییە تەبلیغییانەدا بە بڵاوکردنەوەی وێنە و تڕاکت و دروشمی تەبلیغیی حیزب یاد و بیرەوەریی دامەزرێنەرانی حیزبی دێموکڕات بەرز ڕاگیراوە و ڕێز لە ٧١ ساڵ خەبات و تێکۆشانی هەمەلایەنەی حیزبی دێموکڕاتی کوردستان بۆ سەرخستنی دۆزی کورد لە ئێران نراوە. ئەو شوێنانەی کە لە بانە چالاکیی تەبلیغییان تێدا کراوە بریتین لە: جادەی بانە _ سەردەشت، بڵواری بازارچی، گەڕەکی تەوەکولی، سەرپرد، دەورووبەری پرسی بێنزین‌فرۆشەکان و کەوپێچی خوارێ. لە ناوچەی مەیدانانی بانەش لە بەرزاییەکانی ساوان پشتی شاخی ئەحمەد ئاڵای کوردستان هەڵکراوە و لەو شوێنانە چالاکیی تەبلیغی کراوە: گوندی خواجوامێر، جادەی هۆمەرەساڵ، جادەی وشکەدەرێ، گوندی ساوان، کانی ساردکێ. هەروەها لە شاری مەهاباد و لە چەند جاری بەردەوامدا بەبۆنەی هاتنەوەی ٢٥ی گەلاوێژ، ساڵڕۆژی دامەزرانی حیزبی دێموکڕاتی کوردستان چالاکیی تەبلیغی کرا و ئەمجارەیان لە گوندی سەهۆڵان و خاتوون‌باغ یاد و بیرەوەریی دامەزرانی حیزبی دێموکڕاتی کوردستان بەرز ڕاگیراوە. لە نەغەدەش لە مەنتیقەی حاجی خدر و دەوروبەری مزگەوتی بلالی حەبەشی چالاکیی تەبلیغی کراوە. کۆمیسیۆنی تەشکیلاتی حیزبی دێموکڕاتی کوردستان بەو بۆنەیە دەسخۆشی لەو کۆمەڵە تێکۆشەرەی حیزب لە شارەکانی نەغەدە، مەهاباد و بانە کردوە و بە گەرمی سڵاوی بۆ ناردوون.