کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

حیزبی دێموکڕاتی کوردستان لە ڕێوڕەسمێکی پڕشکۆدا یادی ٧١ ساڵەی دامەزرانی خۆی کردەوە

06:31 - 26 گەلاوێژ 2716

لە ڕێوڕەسمێکی پڕشکۆدا کە لە بنکەی دەفتەری سیاسیی حیزبی دێموکڕاتی کوردستان بەڕێوەچوو، یاد و بیرەوەریی ٧١ ساڵەی دامەزرانی حیزبی دێموکڕات بەرز ڕاگیرا. لەو ڕێوڕەسمەدا کە ئێوارەی ڕۆژی شەممە، ٢٥ی گەلاوێژ، بەبەشداریی سەدان کەس لە کادر و پێشمەرگە و ئەندامانی حیزبی دێموکڕاتی کوردستان بەڕێوەچوو، کاک خالید عەزیزی، سکرتێری گشتیی حیزب وتارێکی پێشکێش کرد و پیرۆزبایی ئەو ڕۆژە مێژووییەی لە خەڵکی کوردستان کرد. یادی ٧١ ساڵەی دامەزرانی حیزبی دێموکڕاتی کوردستان بە سروودی نەتەوایەتیی ئەی ڕەقیب لەلایەن کۆرسی کۆڕی هونەریی حیزبی دێموکڕات‌ و، رێزلێنان لە یاد و بیرەوەریی شەهیدانی کوردستان دەستی پێکرد و بە وتاری سکرتێری گشتیی حیزب درێژەی پێدرا. کاک خالید عەزیزی قسەکانی بە پیرۆزبایی لە خەڵکی کوردستان بەبۆنەی ٢٥ی گەلاوێژ و ناردنی سڵاو بۆ پێشەوا قازی محەممەد، سەرۆک کۆماری کوردستان و دامەزرێنەری حیزبی دێموکڕاتی کوردستان و ڕێبەرانی شەهید دوکتور قاسملوو و شەڕەفکەندی دەست پێکرد. سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستان لە سەرەتای قسەکانیدا بە ئاماژە بە فەلسەفەی دامەزرانی حیزبی دیموکڕات کە وەدێهێنانی مافی نەتەوەیی کورد و ئیدارەی مەدەنیی نیشتمانی کوردستان لەسەر دەستی قازی محەممەد بوو، گوتی: "پێشەوا قازی محەممەد لەو سیاسەتمەدارە بلیمەتانەی کورد بوو کە خوێندنەوەیەکی واقعبینانەی بۆ دۆخی کورد کردبوو. ئەو دەیزانی کە ویست و داخوازییەکانی کورد لە چوارچێوەی ڕێژیمی پاشایەتیدا جێبەجێ نابێ، بەڵام خەونی گەورەی پێشەوا ئەوە بوو بنەمایەک و شوناسێک و پێناسەیەک بە پرسی کورد ببەخشێ کە نیشان بدا ئێمەش دەتوانین خۆمان ئیدارە بکەین و لەگەڵ یەکتریدا وڵات بەڕێوە ببەین، ئێمەش دەتوانین بچینە نێو پڕۆسەی بە نەتەوەکردنی خۆمان و خاوەنی کیان و وڵاتی خۆمان بین. کاک خالید عەزیزی لەو بەشە لە قسەکانیدا تیشکی خستە سەر ئەوەی کاتێک پێشەوا قازی محەممەد بۆ ئەو مەبەستە بە کردەوە دێتە مەیدانەکە، یەکەم شت بیر لەوە دەکاتەوە کە چۆن هەل و دەرفەتەکان بقۆزێتەوە، لەو کاتدا کە کۆمەڵەی ژ کاف، کە ناوەندی فیکری و شوێنی خەمڵان و پێگەیاندنی ناسیۆنالیزمی کوردی بوو، پێشەوا بیری کوردایەتی لەو کانوونە فیکرییە سنووردارە دێنێتە دەرێ و دەیخاتە نێو گۆرەپانە گشتییەکە و زۆر زوو حیزبی دێموکڕات لە سەر ئەو ژێرخانە فیکرییە دادەمەزرێنێ. ئەو حیزبی دێموکراتی بۆ ئەوە دانەمەزراند کە حیزبایەتی پێخۆش بێ، بەڵکوو حیزبی دێموکراتی بۆ پێکهێنانی حکومەت و ئیدارەی وڵات بوو، هەر ئەوەشە بناغە و فەلسەفەی دامەزرانی حیزبی دێموکڕات. سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکڕاتی کوردستان لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا هاتە سەر باسی دوایین ئاڵوگۆڕەکان لە کوردستان و بە ئاماژە بە هەوڵەکانی کۆماری ئیسلامی لەو ماوەیەدا بۆ زیاتر ئەمنیەتیترکردنی کوردستان، گوتی: کۆماری ئیسلامی نەیتوانیوە پرسی کورد لە ئێران چارەسەر بکا و ئەو چارەسەرانەی کۆماری ئیسلامی تا ئێستاش بە دوویدا دەڕوا هەر خۆی لە چوارچێوەی سەرکوت، ئێعدام، گرتن و پێشێلکردنی مافەکانی خەڵکدا دیوەتەوە و، لە ئێستاشدا بە نائەمنکردنی سنوورەکان لە هەرێمی کوردستانیش دەیەوێ تاوانی ئەوانە بخاتە سەر جموجۆڵی هێزی پێشمەرگەکانی حیزبی دێموکرات، بۆیە ڕادەگەیەنین کە بەرپرسایەتیی هەموو ئەو نائەمنی و ڕووداوانەی لە کوردستان بە تایبەت لە ناوچە سنوورییەکانی کوردستان ڕوو دەدەن لە ئەستۆی کۆماری ئیسلامیی ئێرانە و هیچ کام لەوانەش ئێمە لە خەبات و تێکۆشان لە پێناو مافەکانمان سارد ناکاتەوە. کاک خالید عەزیزی لە تەوەرێکی دیکەی باسەکەیدا ئاماژەی بە بوونی فیکر و بۆچوونی جۆراوجۆر لە کۆمەڵگای کوردستاندا کرد و ئەو جۆراوجۆریی بیر و بۆچوونەی بە دەرفەت زانی. سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکڕاتی کوردستان لەو بەشە لە قسەکانیدا گوتی: خوێندنەوەی جیاواز لە ڕابردوو و دروستکردنی بەرچاوڕوونیی زیاتر بۆ داهاتوو، خوێندنەوەی جیاواز لەوەی کە چۆن ئێمە بەرەنگاری کۆماری ئیسلامی بینەوە، چۆن سیاسەتەکانی کەلان زۆربەی زۆری کۆمەڵانی خەڵک تێیدا بەشدار بن و بەشدار بکرێن، ئەوانە بەپێی خەسڵەت و پێکهاتەی حیزبی دێموکڕات هەمیشە بەشێک بووە لە مێژووی سیاسەتەکانی حیزبی دێموکڕاتی کوردستان. ئەگەر ئەو بۆچوونە جیاوازانە لەلایەن ئەو حیزبانەی دیکە کە لە گۆڕەپانی خەبات بە دژی کۆماری ئیسلامیدان بۆچوونی جیاوازی لێدەکەوێتە، ئەرکی هەموو لایەکمانە جۆرێک هەڵسوکەت لەگەڵ بۆچوونی جیاوازی یەکتر بکەین کە ڕێز و حورمەتی یەکتریمان پاراستبێ و لەسەر جیاوازیی بیر و بۆچوون هێرش نەکەینە سەر یەکتر و بەیاننامە لە دژی یەکتر نەدەین و بتوانین لە خانەی دیالۆگ و قسەکردندا بیانکەین بە دەرفەت. کاک خالید عەزیزی قسەکانی بەوە کۆتایی پێهێنا کە حیزبی دێموکڕاتی کوردستان لە خەبات و تێکۆشان دژی کۆماری ئیسلامیدا لە هیچ چەشنە فیداکاری و قوربانیدانێک تەنەخی نەکردوە و لەمەودواش لە هەموو شێواز و ڕەهەندەکانی خەبات کەلک وەردەگرێ، بەڵام بەردی بناغەی ئەو بۆچوونە فرە ڕەهەندە ئەوەیە کە لە نێوخۆی وڵات، خەڵک لە مەیداندا بن و بە نیسبەت بارودۆخ و چارەنووسیان بێ تەفاوت و خەمسارد نەبن. دوابەدوای قسەکانی کاک خالید عەزیزی سروودی "من ئەستێرە گەلاوێژم" لە لایەن کۆرسی کۆڕی هونەریی حیزبەوە پێشکێش کرا و پەیامی هاوبەشی یەکیەتیی لاوان و یەکیەتیی ژنانی دێموکراتی کوردستان لەلایەن پێشوا عەلیپوور، سکرتێری لاوانەوە خوێندرایەوە. گەشتێکی گۆرانیی فۆلکلۆر لەلایەن کۆڕسی کۆڕی هونەری، گۆرانییەکی هاوبەشی هونەرمەندان شیرین شەریفی و حەمەدەمین کەریمی، چەند تابڵۆیەکی هەڵپەرکێی گڕووپی باران و دوو گۆرانیی و مەقام لەلایەن هونەرمەندان ئاوات بۆکانی و ڕێبوار حەسەنی بڕگەکانی دیکەی ئەو ڕێوڕەسمە بوون. ڕێوڕەسمی ٧١ ساڵەی دامەزرانی حیزبی دێموکڕات بە شایی و شادیی بەشداران کۆتایی پێهات.