کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

درێژەی چالاکیی تەبلیغی لە مەهاباد، بۆکان، نەغەدە و دێولان بەبۆنەی ٢٥ی گەلاوێژ

06:06 - 27 گەلاوێژ 2716

بۆ چەندەمین جار لە ناوچەی مەهاباد، بۆکان، نەغەدە و دێولان بەبۆنەی هاتنەوەی ٢٥ی گەلاوێژ، ساڵڕۆژی دامەزرانی حیزبی دێموکراتی کوردستان چالاکیی تەبلیغی کرایەوە. بەپێی ڕاپۆرتی کۆمیسیۆنی تەشکیلاتی حیزبی دێموکڕاتی کوردستان لەو چالاکییە تەبلیغییانەدا بە کردنەوەی ئاگر لە بەرزاییەکان بڵاوکردنەوەی وێنەی رێبەرانی شەهیدی حیزبی دێموکڕات، وێنەی پێشمەرگە و تڕاکت و نووسینی دروشمی تەبلیغی لە سەر دیوار و تابڵۆکان یاد و بیرەوەریی دامەزرانی حیزبی دێموکڕاتی کوردستان بەرز ڕاگیراوە. لە بۆکان هەواڵمان پێ گەیشت کە شەوی رابردوو لە بەرزاییەکانی داشبەند، هەباساوا و گردی قەبران بە بۆنەی ٢٥ی گلاوێژ ئەندامانی حیزب پەرچەمی کوردستانیان هەڵداوە. لە ناوچەی شامات و شاروێرانی مەهابادیش لە سەر چیای گوندی بۆزە و لە سەر پردی تازەکەند، لە جادەی خێڕیاوا و لەسەر تابڵۆی بنکەی بەسیج لە حاجی حەسەن ئاگری ٢٥ی گەلاوێژ هەڵکراوە. لە شاری نەغەدەش لە شەقامی ئیمامی شافیعی، فەلەکەی نوێژ، تالاری نەورۆز و فەلەکەی پیرانشار چالاکیی تەبلیغی کراوە. هەر بەپێی ئەو ڕاپۆرتانە ئەندامان و لایەنگرانی حیزب له ناوچەی لەیلاخ لە گەورەدێی قوڕیچیا لەسەر جادەی سەرەکیی ئەم ئاواییە و لە بەرزاییەکانی ئاوایی تاتەڕەشی بە هەڵکردنی ئاڵای حیزب و ئاڕمی حیزبی دێموکرات رێزیان لە ٢٥ی گەلاوێژ گرتوە. کۆمیسیۆنی تەشکیلاتی حیزبی دێموکڕاتی کوردستان سەبارەت بەو چالاکییانە دەسخۆشیی بە ئەندامانی هەڵسووڕ و بە جەرگی حیزب لە بۆکان، دێولان، مەهاباد و نەغەدە گوتوە و سڵاوی بۆ ناردوون.