کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سەردانی هەیئەتێکی رێبەریی حیزبی دێموکراتی کوردستان لە سەرکردایەتیی حیزبی شیوعیی کوردستان

17:52 - 27 گەلاوێژ 2716

لە دیدار و کۆبوونەوەی هەیئەتێکی رێبەریی حیزبی دێموکڕاتی کوردستان لەگەڵ هەیئەتێکی مەکتەبی سیاسیی حیزبی شیوعیی کوردستاندا پرسە سیاسییەکانی کوردستان ئاڵوگۆڕی بیروڕایان لەسەر کرا. ڕۆژی سێشەممە، ٢٦ی گەلاوێژ هەیئەتێکی حیزبی دێموکڕاتی کوردستان بە سەرپەرستیی کاک خالید عەزیزی، سکرتێری گشتیی حیزب سەردانی مەکتەبی سیاسیی حیزبی شیوعیی کوردستانیان لە شاری هەولێر کرد و لەلایەن شاندی مەکتەبی سیاسی و سەرکردایەتیی حیزب بە سەرپەرستیی کەماڵ شاکر، سکرتێری ئەو حیزبە پێشوازییان لێکرا. لەو دانیشتنەدا باسەکانی پێوەندیدار بە دۆخی سیاسیی کوردستان، شەڕی داعش و پرسی کورد بە گشتی لە بەشە جۆراوجۆرەکانی کوردستان هاتنە بەرباس و ئاڵوگۆڕی بیروڕایان لەسەر کرا. لەو باسانەدا دوولایەن پێیان وابوو لە باشووری کوردستان دەرفەتێکی مێژوویی بۆ کورد ڕەخساوە کە بتوانێ دۆزی کورد لەو بەشەی کوردستان بگەیەنێتە دوا وێستگەی خۆی، بەڵام ئەو سەرکەوتنە پێش هەموو شتێک پێویستیی بە یەکڕیزیی نێوماڵی کورد هەیە و دەبێ هەموو لایەک خۆی لە بەرامبەر ئەو پرسە گەورەیەدا بە ئەرکدار بزانێ. ڕۆڵی ئێران لە هاوکێشەکانی هەرێمی کوردستان و ناوچە و باس لە دۆخی سیاسی و کۆمەڵایەتیی ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە تیشک‌خستنەسەر چۆنیەتیی خەبات و تێکۆشانی حیزبە سیاسییەکانی ئەو بەشەی کوردستان تەوەرێکی دیکەی ئەو دانیشتنە بوو.