کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لە وڵاتی فینلاند یادی دامەزرانی حیزبی دێموکڕاتی کوردستان بەرز ڕاگیرا

08:31 - 31 گەلاوێژ 2716

لە وڵاتی فینلاند، ٢٥ی گەلاوێژ، ساڵرۆژی دامەزرانی حیزبی دێموکڕاتی کوردستان بەرز ڕاگیرا. رؤژی هەینی، ٢٩ ی گەلاوێژ بەبەشداریی ئەندامان و لایەنگران و دۆستانی حیزبی دێموکڕات و بە گشتی کوردانی دانیشتووی وڵاتی فینلاند، یادی ٧١ ساڵەی دامەزرانی حیزبی دێموکڕاتی کوردستان لە شاری تورکو بەڕێوە چوو. ئەم ڕێورەسمە کە لە لایەن کۆمیتەی هەرێمی تورکوی حیزبی دێموکڕاتی کوردستان ڕێک خرابوو، بە خوێندنەوەی سروودی نەتەوایەتیی ئەی ڕەقیب دەستی پێکرد کە لە لایەن کۆری هونەریی یەکیەتیی لاوانی دێموکراتی رۆژهەڵاتی کوردستانەوە پیشکیش کرا. دوای راگەیاندنی چەند ساتێک بێدەنگی بۆ رێزگرتن لە یاد و بیرەوەریی شەهیدانی کوردستان پەیامی کۆمیتەی فینلاندی حیزبی دێموکڕاتی کوردستان لەلایەن کاک قادر مەکڵاوەیی، تێکۆشەری دێرینی حیزبەوە پێشکێش کرا و لەدرێژەی رێورەسمەکەدا پەیام و بروسکەی چەند حیزب و ڕێکخراوی کوردستانی لە فینلاند خوێندرانەوە کە بریتی بوون لە: یەکیەتی نیشتیمانی کوردستان، پارتی دێموکراتی کوردستان، ڕێکخراوی کوردستانی حیزبی کومۆنیستی ئیران- کۆمەڵە؛ پەیامی هاوبەشی یەکیەتییەکانی ژنان و لاوان، پەیامەکانی فیدراسێۆنی کۆمەلە کوردیەکان لە فینلاند و کەمپینی ئاشتی. گێڕانەوەی چەند بیرەوەرییەک لەلایەن کاک عەبدوڵلا شەخسە ناسراو بە شەقاز و پێشکێشکردنی کۆمەڵێک گۆرانی لەلایەن هونەرمەندان فەرهاد ئالانی و ئەڤین ئەلیاسی چەند بڕگەیەکی دیکەی ئەو ڕێوڕەسمە بوون. یادی ٧١ ساڵەی دامەزرانی حیزبی دێموکڕاتی کوردستان لە شاری تورکو بە شایی و شادیی بەشداران کۆتایی پێهات.