کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سەردانی شاندێکی ئەنجوومەنی نیشتمانیی کوردی سووریە لە سکرتاریای حیزبی دێموکڕاتی کوردستان

16:49 - 31 گەلاوێژ 2716

وەفدێکی ئەنجوومەنی نیشتمانیی کورد لە سووریە سەردانی سکرتاریای حیزبی دێموکراتی کرد. ئێوارەی رۆژی شەممە، ٣٠ی گەلاوێژ وەفدێکی ئەنجوومەنی نیشتمانیی کورد لە سووریە بە سەرپەرەستیی ئیبراهیم برۆ، سەرۆکی ئەو ئەنجوومەنە، سەردانی سکرتاریای حیزبی دێموکراتی کرد و لە لایەن شاندێکی حیزب بە سەرپەرەستیی خالید عەزیزی، سکرتێری گشتیی حیزب پێشوازییان لێکرا. لە سەرەتای ئەو دانیشتنە‌دا ئیبراهیم برۆ باسی ڕەوشی رۆژئاوای کوردستان و کێشە و پرسە سیاسییەکانی ئەو پارچەیەی کوردستانی کرد. ناوبراو رەخنەی لە هەڵسوکەوتی تاکڕەوانەی هەندێک لایەن لە رۆژاوای کوردستان گرت و داوای کرد کە حیزب و رێکخراوە سیاسییەکانی کوردستان، هەرکامیان بە گوێرەی خۆیان، بە هێناگۆڕێی ئەو پرسە لەگەڵ لایەنی دەسەڵاتدار لە رۆژئاوای کوردستان، داوای لێبکەن واز لەو رەفتارانەی بێنێ و بە شێوەیەک هەڵسوکەت بکا کە هەموو حیزبە سیا‌سییەکانی رۆژئاوای کوردستان بتوانن بە شێوەیەکی ئازادانە و ئاشتیانە چالاکیی سیاسی بکەن. لە درێژەی ئەو دانیشتنە‌دا کاک خالید عەزیزی وێڕای ئاماژە کردن بەوەی کە دەوڵەتانی دراوسێی کوردستان هەوڵی ئاژاوەنانەوە لە نێو کورد‌دا دەدەن و بە داخەوە لە نێو کوردیش‌دا هەندێک هێز و لایەن بە شێوەیەکی پاوانخوازانە هەڵسوکەوت دەکەن و لە پارچەکانی دیکەدا دەستێوەردان دەکەن، گوتی کە وەک حیزبی دێموکراتی کوردستان ئەو جۆرە هەڵسوکەوتانە رەت دەکەینەوە و داوا دەکەین هەموو حیزبە سیاسی‌یەکانی کوردستان رەچاوی دۆخی ژێئۆپۆلیتیکی کوردستان و تایبەتمەندی‌یەکانی پارچەکانی کوردستان بکەن و لە دەستێوەردان لە پارچەکانی دیکەدا خۆبپارێزن. سکرتێری گشتیی حیزب لە درێژەی باسەکەی‌دا گوتی: ئەگەر لێکحاڵیبوون لە نێوان حیزبەکانی هەر پارچەیەک‌دا هەبێ و لەگەڵ یەکتر کۆک و تەبا بن، ئەوا حیزبی پارچەیەک ناتوانێ دەستێوەردانی پارچەیەکی دیکەی کوردستان بکا. کاک خالید پێداگری کرد لە سەر ئەوەی کە حیزبی دێموکراتی کوردستان دژی هەرچەشنە هەڵسوکەوتێکی نادێموکراتیک و تاکڕەوانەیە، جا لە لایەن هەر هێزێکەوە بێ. دوو لایەن لە کۆتایی دانیشتنەکەدا باسیان لە رەوشی رۆژهەڵاتی کوردستان و دۆستایەتیی نێوان لایەنەکانی هەر چوار پارچەی کوردستان لە چوارچێوەی کۆنسێپتێکی نەتەوەیی‌دا کرد.