کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هەیئەتێکی کونسوولی ئەمریکا لە هەولێر سەردانی دەفتەری سیاسیی حیزبی دێمۆکراتی کوردستانی کرد

13:15 - 11 خەرمانان 2716

لە دیدار و دانیشتنی هەیئەتێکی ڕێبەریی حیزبی دێموکڕاتی کوردستان و کۆنسولگەریی ئەمریکا لە هەولێردا دوولایەن لەسەر دوایین گۆڕانکارییە سیاسییەکان لە ناوچە ئاڵوگۆڕی بیروڕایان کرد. پێشنیوەڕۆی رۆژی چوارشەممە، ١٠ی خەرمانانی١٣٩٥ هەیئەتێکی کۆنسولخانەی وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە هەولێر بە سەرپەرستیی "جیفری مەیزر"، جێگریی سیاسیی سەرکونسولی ئەمریکا لە هەولێر بە سەردانێکی رەسمی گەیشتە بنکەی دەفتەری سیاسیی حیزبی دیموکراتی کوردستان و لەلایەن هەیئەتیکی ڕێبەریی حیزب بەسەرپەرستیی کاک خالید عزیزی، سکرتیری گشتی حیزبەوە پێشوازیی لی کرا . لەو دانیشتنەدا سەرەتا دوو لایەن بۆچوون و خوێندنەوەی خۆیان لە سەر پرسە سیاسییەکانی ناوچە هێنایە بەر باس و لە ژێر تیشکی ئەو بۆچوونانە دۆخی سیاسیی کوردستان لەو هاوکێشانەدا ئاڵوگۆڕی بیروڕایان لەسەر کرا. لەو باسانەدا هەیئەتی حیزبی دێموکڕاتی کوردستان بە وردی باسی لە بارودۆخی سیاسی و کۆمەڵایەتیی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە ئێراندا کرد و ڕەفتار و سیاسەتی کۆماری ئیسلامی لە پێوەندی لەگەڵ ئیدارەی کوردستان و پڕاکتیک و بەرنامەی بۆ چارەسەری پرسی کورد لە ئێران خستە بەرباس. هەیئەتی حیزب لە باسەکانیاندا تیشکیان خستە سەر ئەوەی کە سەرەڕای سیاسەری حاشای کۆماری ئیسلامی لە پرسی کورد لە ئێران و زاڵکردنی کەشی ئەمنیەتی و سەرکوت لە کوردستان، بەڵام چین و توێژە جۆراوجۆرەکانی کوردستان لە بەرامبەر ئەو کردەوانەدا خۆڕاگری دەکەن و بە هەڵسوڕانی مەدەنی لە مەیدانی تێکۆشان بۆ مافەکانیان دان. هەر لەو پێوەندییەدا باس لە سیاسەت و بۆچوونی حیزبی دێموکڕات لە هەمبەر جموجۆڵ و تێکۆشانی مەدەنیی خەڵکی کوردستان کرا. دوولایەن لە درێژەی ئەو دانیشتنەدا باسیان لە سیاسەتی دەستێوەردانی کۆماری ئیسلامی لە پرسە نێوخۆییەکانی وڵاتانی ناوچە کرد و تیشکیان خستە سەر ئەوەی مەبەست لەو دەستێوەردانە قوڵکردنەوەی شەڕی ئایینی و مەزهەبی و تاییفی لە نێوان پێکهاتەکانی ئەو وڵاتانەیە کە کۆماری ئیسلامی قازانجی خۆی لەو ناکۆکییانەدا دەبینێتەوە. خەبات دژی تێرۆریسم لە ناوچە و پێویستیی هاوخەباتیی بەرەی دژی تێرۆر بابەتێکی دیکەی باسەکانی ئەو دیدارە بوو.